زۆربەی خەڵك دوش بە ئاوێكی گەرم Hot shower پەسەند دەكەن، لە راستیدا دوش بە ئاوی سارد Cold shower سوودی تەندروستی زۆری هەیە كە پترن لە وەرگرتنی دوش بە ئاوی گەرم. كاتێك پێست بەر ئاوی سارد دەكەوێت، ئەوا لەش بە شێوەیەكی ئۆتۆماتیكی گەرمی بەرهەم دێنێت لە رێگای تاودانی میتابۆلیزم بە سووتاندنی كاربۆهیدرات و چەوری. دوشی سارد سوودی هەیە بۆ كەمكردنەوەی ئەگەری نەزۆكی لە پیاودا، بە مانایەكی تر بەهێزكردنی توانای پیتاندن یان دووگیانبوونی هاوسەر لە رێگای باشتركردنی كرداری دروستبوون و پێگەیشتنی سپێرم، لەوكاتەی كە دوشی گەرم دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی ژمارەی سپێرمەكان، بۆیە ئەگەر بیر لە بوون بە خاوەن منداڵ دەكەیتەوە، بە پێی توانا دووركەوە لە دوش و ساونەی گەرم یان گەرماوی هەڵمی. دوشی سارد رۆڵی هەیە بۆ رێگرتن لە گرژبوون و گرفتەكانی ماسوڵكە لە پاش مەشقی وەرزشی و ماندووكردنی زۆری ماسوڵكەكان لەگەڵ رێكخستنی ئاستی ترشی یوریك Uric acid لە لەشدا، هەروەها هاندانی سووڕی خوێن بۆ رزگاربوونی لەش لە ماددە زیانبەخشەكان. سوودەكانی تری دوشی سارد: بەهێزكردنی بەرگی لەش لە رێگای زیادبوونی خڕۆكە سپییەكانی خوێن، كەمكردنەوەی ئازاری درێژخایەن بەتایبەتی ئازار و گرژبوونی ماسوولكە، باشتركردنی تەندروستیی قژ، باشتركردنی فرمانی گورچیلەكان، كەمكردنەوەی هەوكردن، رێكخستنی سستمی دەماریی خۆنەویست، هەروەها دوشی سارد هاندەرە بۆ خەوێكی ئارام و یارمەتی ریتم و قووڵیی هەناسە دەدات بەمەشەوە ئەگەری ماندووبوون كەم دەكاتەوە.