پێویستە كە ئامانجی سەرەكی ئافرەتی دووگیان پاراستنی تەندروستی خۆی و كۆرپەكەی بێت بە درێژایی مانگەكانی دووگیانی. یەكێك لە لایەنە گرنگەكان بریتییە لە دووركەوتنەوە لە بەكارهێنانی هەندێك جۆری ئاوێتەی جوانكاری كە لەوانەیە كاریگەری خراپیان بۆ تەندروستی دایك و كۆرپە هەبێت. تا ئێستا پێنج جۆر یا گروپی ئاوێتەی جوانكاری دەستنیشان كراون كە بەكارهێنانیان هەرگیز گونجاو نییە لەكاتی دووگیانیدا. یەكەم: ئەو دەرمانانەی كە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی زیپكە بەكاردێن وەكو رێتین A و تێتراسایكلین كە هۆكارن بۆ سەقەتیی زگماكی لە كۆرپەدا. دووەم: جۆرەكانی ماكیاژی بۆندار كە ئاوێتەی فتالێتەكان Phthalates لەخۆدەگرن كە لە پێكهاتەی گەلێك ئاوێتەی جوانكاری و لۆشن و سپرای لەش و بۆنەكاندا بەشدارن، كاریگەری نێگەتیڤ دەكەنە سەر گەشەی كۆرپە لەناو منداڵداندا. سێیەم: ئاوێتەكانی كاڵكەرەوەی پێست و لابردنی پەڵە وەكو هایدرۆكوینۆن Hydroquinone سەرەڕای ئەگەری هەستەوەری پێست، كاریگەری نێگەتیڤ دەكاتە سەر گەشە و پەرەسەندنی پێستی كۆرپە. چوارەم: پۆلیشی نینۆك Nail polish و لابەری پۆلیشی نینۆك دەبێتە ئەگەری گرفت لەكاتی دووگیانیدا بە شێوەی سەقەتیی زگماكی و تێكچوونی گەشەی كۆرپە.پێنجەم: ماددەی DHA كە بۆ تاریككردن یان برۆنزكردنی رەنگی پێست Tanning بەكاردێت،زیانی بەرچاو بە كۆرپە دەگەیەنێت.