بەركەوتن بە هەوای ساردی سپلیت و ساردكەرەوەكانی تر لەماڵ، ناو ئۆتۆمبیل، ماركێت، سینەما، هۆڵی بۆنەكان...تاد كاریگەرییەكی خراپی درێژخایەن دەكەنە سەر پێست و قژ. دەزگای ساردكەرەوەكان شێداری هەڵدەمژێت، بەمەشەوە رێژەی شێداری لە ژوور یان شوێنە ساردبووەكە دادەبەزێت.ئێركۆندیشنەر AC شێداری لە پێست كەم دەكاتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی وشكبوونی پێست. وشكبوونی پێست زیانبەخشە بۆ شانەكانی پێست بە شێوەی خورشت، قڵیشانی پێست، زیاد هەستیاربوونی پێست، تاودانی كرداری لۆچبوونی پێست، زوو پیربوونی پێست، سەختتربوونی هەر گرفتێكی پێست كە هەبێت. كاریگەرییە خراپەكانی ساردكەرە لەسەر پێستدا زیاتر دەبن كە یەكێك لە شوێنێكی گەرمەوە دەچێتە شوێنێكی ساردكراو، هەروەها ئەگەر هاوكات بن لەگەڵ بوونی پیسكارەكانی هەوا و ژینگە و خۆراكی ناهاوسەنگ و ستایلێكی ژیانی ناتەندروستییانە. ئاو زۆر گرنگە بۆ پاراستنی سووڕی دروستیی خوێن لە پێستدا، هەروەها زۆر گرنگە بۆ هێشتنەوەی توانای لاستیكیی پێست، بۆیە خواردنەوەی بڕێكی باشی ئاو رۆژانە پێویستە، هەروەها كەمكردنەوەی بەركەوتن بە هەوای ساردكەرەوەكان، لەگەڵ كەم بەكارهێنانی سابوون، بەكارهێنانی ئاوێتەی تایبەت لەكاتی وشكبوونی پێست بە رێنمایی دكتۆر، لەكاتی بەكارخستنی سپلیت یان ساردكەرەوەی تر دەفرێكی پڕ ئاو لە شوێنەكەدا دابنێ بە مەبەستی رێگرتن لە وشكبوونی پێست.