چۆنییەتی لابردنی ئاسەوارەكانی چاویلكە لەسەر پێستدا

چۆنییەتی لابردنی  ئاسەوارەكانی چاویلكە لەسەر پێستدا
بەكارهێنانی بەردەوامی چاویلكە بەتایبەتی ئەگەر چوارچێوە و شووشە یان هاوێنەكانی قورس بن، دەبێتە هۆی تاریكبوونی پێست یان پەڵەیەكی قاوەیی لە رووبەرێكی بچووك لە سەر تەنیشتەكانی بەشی سەرەوەی لووتدا. لە هەندێك حاڵەتدا ئاسەوارەكانی چاویلكە Spectacle marks بۆ ماوەیەكی زۆر دەمێننەوە، با بزانین هۆكاری زانستی لەپاڵ ئەمەدا چییە. تاریكبوونی پێست لە ئەنجامی لێكخشانی درێژخایەنی نێوان بنكەی چاویلكە و پێست پەیدادەبێت، فشاری درێژخایەن لەسەر تەنیشتەكانی سەرەوەی لووت، یان نەگونجانی قەبارەی چاویلكە لەگەڵ قەبارەی دەموچاو و لووتدا، هەروەها كێشی زیاد و قەڵەوی هۆكاری هاندەرن بۆ ئەم گرفتە لەبەر رێژەی زیادی چەوری ژێر پێست كە بە فشارێكی كەمی چاویلكە ئاسەوار پەیدادەبێت. بۆ خۆپاراستن و چارەسەركردن، سەرەتا هەڵبژاردنی چاویلكەی سووك لە رووی كێش و گونجاو لە رووی قەبارەوە، پاشان بە بەكارهێنانی چەند گیراوەیەكی سروشتی پەڵەكان بەرە بەرە كاڵ دەبنەوە، بۆ نموونە بەكارهێنانی شیرەی هەنار یان گێلاس، شیرەی پەتاتە، جێلی ئەلۆ ڤێرا Aloe vera كە ڤیتامینەكانی A، C، و E و چەند ئەنزیمێك لەخۆدەگرێت دژی هەوكردن كاردەكات و یارمەتی زوو چاكبوونەوە دەدات، سركەی سێو، گیراوەی شیرەی لیمۆ و نەعناع، گیراوەی شیرەی باوی و ئاوی گوڵ، گیراوەی زەیتی زەیتوون و كەرەی كاكاو، گیراوەی زەیتی لاڤێندەر و خوێی دەریا.
Top