شیری بێ چەوری Skimmed milk لە ئەنجامی لابردنی چەوری یان كرێم لە شیری تەواوەوە Whole milk بۆ 0.5% یان كەمتر بەدەست دێت. وزەیەكی كەمتر لە شیری تەواو لەخۆدەگرێت لەگەڵ پاراستنی پێكهاتە گرنگەكانی تر، بەڵام بە رێژەیەكی كەمتری ڤیتامین A و D. شیری بێ چەوری بەهایەكی خۆراكیی بەرزی هەیە و وەكو سەرچاوەیەكی دەوڵەمەندی كالسیۆم گونجاوە بۆ كەسانی تووشبوو بە نەخۆشی شەكرە و نەخۆشی دڵ و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن. دابینكردنی پێویستی رۆژانە لە كانزای كالسیۆم و خۆپاراستن لە بەرزبوونەوەی ئاستی كۆلیستیرۆلی خوێن بەتایبەتی بۆ ئافرەتانی پاش تەمەنی وەستانی یەكجارەكی سووڕی مانگانە. شیری بێ چەوری گرنگە بۆ پاراستنی تەندروستیی ئێسك بەتایبەتی پاراستنی لە پووكانەوە، هەروەها پاراستنی تەندروستیی ددان لەوكاتەی كە كالسیۆم و فۆسفۆر دوو كانزای پێویستن بۆ پاراستنی پتەویی و تەندروستیی ددان، لە لایەكی ترەوە پرۆتینی شیر هاندەرە بۆ رێگرتن لە ونبووونی كالسیۆم و فۆسفەیت و پاراستنی چینی مینای ددان لەگەڵ رێگرتن لە گەشەی بەكتریا لەسەر دداندا. شیر سەرچاوەیەكی زۆر گرنگە بۆ پرۆتین بە كوالیتی بەرزەوەوە بە ناوی كازائین Casein و وێی Whey كە هەرسكردن و هەڵمژینیان ئاسانە، ئەم پرۆتینە رۆڵی هەیە بۆ هاندانی گەشەی ماسوولكە، بۆیە خواردنەوەی پەرداخێك شیری بێ چەوری پاش مەشقی وەرزشی هاندەرێكی باشە بۆ پاراستنی تەندروستیی ماسوولكە. لەبەر رێژەی كەمی كۆلیستیرۆل و چەورییە تێرەكان، شیری بێ چەوری گرنگە بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشی خوێنبەرەكانی دڵ.