بەكارهێنانی ئاوێتەكانی دژەهەتاو هەنگاوێكی زۆر گرنگ و چالاكە بۆ پاراستنی پێست لە كاریگەرییە خراپەكانی تیشكی سەرووی وەنەوشەیی كە لە تیشكی خۆردایە. نزیكەی هەموو جۆرەكانی ئاوێتەكانی دژەهەتاو دەكەونە ناو 2 جۆرەوە كە بریتین لە سەنسكرین Sunscreen و سەنبلۆك Sunblock، هەردووكیان بە مەبەستی رێگرتن لەگەیشتنی تیشكی سەرووی وەنەوشەیی بە پێست بەكاردێن، بەڵام بە میكانیزمی جیاوازەوە. ئاوێتەكانی سەنسكرین بە شێوەیەكی كیمیایی كاردەكەن و تیشكی سەرووی وەنەوشەیی هەڵدەمژن، بەمەشەوە رێگا لە گەیشتنی بە پێست دەگرن. كەچی ئاوێتەكانی سەنبلۆك بە شێویەكی فیزیایی كاردەكەن و نایەڵن كە تیشكی سەرووی وەنەوشەیی بە كرداری دانەوەی تیشك Reflection بگاتە پێست. چەند نموونەیەك لە پێكهاتە سەرەكییەكانی سەنسكرین: PABA، ئۆكسیبێنزۆن Oxybenzone، هەروەها پێكهاتە سەرەكییەكانی سەنبلۆك بریتین لە: ئاوێتەكانی زینك وەكو ئۆكسیدی زینك، ئۆكسیدی ئاسن، دووەم ئۆكسیدی تیتانیۆم Titanium dioxide. جگە لەمانە هەموو ئاوێتەكانی دژەهەتاو ژمارەی جیاواز لە فاكتەری پاراستن لە هەتاویان SPF تێدایە كە تەنیا دكتۆر بڕیار لەسەر جۆری گونجاو بۆ هەر كەسێك دەدات بە گوێرەی سروشتی پێستی. بەگشتی پسپۆرانی پێست بەكارهێنانی سەنبلۆك بە درێژایی رۆژ بە باشتر دەزانن كە SPF ی لە 50 كەمتر نەبێت.