ئەمە راستییەكی زانستییە كە تەندروستی باش و هاوسەنگی ئافرەت واتە سووڕی مانگانەی رێك و دروست، ئەمەش سەلمێنراوە كە لەپاڵ هەموو حاڵەتەكانی تێكچوونی سووڕی مانگانەدا Menstrual cycle بە شێوەی دواكەوتن یان وەستان گرفتێكی تەندروستی هەیە. هەر كاتێك و لەبەر هەر هۆكارێك كە لەش دەكەوێتە ژێر فشار یان سترێس، ئەوا دوچاری تێكچوونی گەلێك فرمان دەبێت هەتا ئەگەر بە شێوەیەكی كاتیش بێت، بۆ نموونە كەمبوونەوەی توانای دووگیانبوون لە ئافرەتدا، دواكەوتنی یان وەستانی سووڕی مانگانە بەتایبەتی كە رێژەی چەوری لەش بۆ 15- 17% كەم دەبێتەوە. ریجیم Dieting بەتایبەتی ریجیمی توند یان ریجیمی هەڵە سترێس دەخاتە سەر لەش و دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی وزە لەگەڵ كەمیی ڤیتامین و كانزایەكان، ئەمەش بە چەندین شێوە لە لەشدا دەردەكەوێت، بۆ نموونە قژهەڵوەرین، تێكچوونی سووڕی مانگانە، كەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن، بچووكبوونەوە یان كەمبوونەوەی بارستایی و تۆنی پەیكەرە ماسوولكەكان. پاش گەڕانەوە بۆ خۆراكی ئاسایی و دووبارە زیادبوونی كێشی لەش كە لە سنووری ئاساییدا بێت، ئەوا سووڕی مانگانە وەكو جاران رێك و ئاسایی دەبێتەوە.