ئەمە بۆتە پرسیاری خەڵك كە كامیان خاوەن بەهایەكی خۆراكی بەزرترن، شووتی زەرد، یان شووتی سوور، لەم بابەتەدا تیشك دەخەینە سەر سوود و جیاوازییەكانی ئەو دوو جۆرە شووتییە. شووتی زەرد Yellow watermelon سەرچاوەیەكی باشە بۆ ڤیتامین A و C، هەروەها پۆتاسیۆم. شووتی زەرد شیرینترە لە شووتی سوور، چونكە هەر 100 گرام شووتی زەرد نزیكەی 10 گرام كاربۆهیدرات كە پێكهاتووە لە 9 گرام شەكر و 1 گرام ریشاڵ، هەروەها 1 گرام پرۆتین لەخۆدەگرێت. شووتی زەرد بە رێژە نزمەكەی وزەوە، گونجاوە بۆ ئەو كەسانەی كە چاودێری كێشی لەشیان دەكەن. رەنگە زەردەكەی شووتی دەگەڕێتەوە بۆ رێژە بەرزەكەی ماددەی بیتا كارۆتین Beta carotene كە سیفەتی دژەئۆكسانی بەهێزی هەیە تا ئەوكاتەی كە لە لەشدا دەگۆڕێت بۆ ڤیتامین A، ئەم سوودە تەندروستییانەشی هەیە: بەهێزكردنی سستمی بەرگریی لەش، پاراستنی ئەندامەكان و پێست بە تایبەتی كەمكردنەوەی كاریگەرییە خراپەكانی تیشكی خۆر وەكو زوو پیربوونی پێست، هەروەها رێگرتن لە روودانی كرداری ئۆكسان لە چەورییەكانی پێستدا، بەمەشەوە ئەگەری لۆچبوون و شۆڕبوونی پێست كەم دەكاتەوە. كەچی رەنگە سوورەكەی شووتی سوور بۆ ماددەی لایكۆپێن Lycopen دەگەڕێتەوە كە ئەویش ماددەیەكی دژەئۆكسانە و بایەخی تەندروستیی زۆری هەیە. هەر دوو ماددەی بیتاكارۆتین و لایكۆپێن بایەخی تەندروستی زۆریان هەیە بەتایبەتی بۆ خۆپاراستن لە چەند جۆرێكی شێرپەنجە و پاراستنی تەندروستیی چاو و پێست.