زیاتر لە 40%ی نەوجەوانان جۆرێك گرفتی پەیوەست بە نووستنیان هەیە بەتایبەتی گرفت لە سەرەتای چوونە خەو یان نەبوونی خەوێكی نەپچڕاو و دروست. سروشتی دەوروبەر و ژوور یان شوێنی نووستن كاریگەری زۆری هەیە لەسەر خەوی نەوجەواندا، بۆ نموونە غەڵبەغەڵب و قەرەباڵغی، رووناكی زۆر، سەرما، گەرما، كاریگەری نێگەتیڤیان هەیە. پەستی و نیگەرانی یەكێكە لە هۆكارە زەقەكان بۆ خەوزڕان لە نەوجەواندا كە دەبێتە هۆی گرفت لە سەرەتای چوونە خەوەوە، هەروەها چەند جارێك بێداربوونەوە لەكاتی شەودا. جۆری خواردن و خواردنەوە كاریگەریی زۆری لەسەر خەودا هەیە، بۆ نموونە زیاد خواردنەوەی چای، قاوە، كاكاو، خواردنەوە وزەبەخشەكان، كۆلا، بەتایبەتی لە پاش نیوەڕۆ یان لەكاتی ئێوارە و شەودا هۆكارێكی زەقە بۆ درەنگ چوونە خەو یان خەوزڕان. ترس و خەونی ناخۆش یان كابوس Nightmare كە زۆر جار هەر لە تەمەنی منداڵییەوە بەردەوام دەبێت تا تەمەنێكی درەنگی نەوجەوانی، دەبێتە ئەگەری گرفت لە خەودا. هەروەها رۆیشتن لەكاتی خەودا Sleepwalking كە لە كاتی خەوی قووڵدا لە هەندێك نەوجەواندا روودەدات گرفت بۆ خەوی نەوجەوان و خەوی تەواوی خێزان پەیدا دەكات. خۆشبەختانە كابوس و رۆیشتن لەكاتی نووستندا بە حاڵەتی سروشتی هەژمار دەكرێن، تەنیا لە چەند حاڵەتێكی كەمدا رۆیشتن لەكاتی خەودا لەوانەیە كە نەخۆشییەكی لەپاڵەوە بێت. نەخۆشی وەكو هەڵامەت، هەوكردنەكانی گوێ، رەبو، پرخە و هەناسەتەنگی، پەركەم...تاد، راستەوخۆ كاریگەریی نێگەتیڤ دەكەنە سەر خەوی نەوجەوان.