رۆژی سێشەممەی رابردوو 18ی ئاب ئاژانسی خۆراك و دەرمانیی ئەمریكی FDA رێگای بە بەكارهێنانی دەرمانی فلیبانسێرین Flibanserin دا بۆ چارەسەركردنی كەمیی ئارەزووی سێكسی ئافرەت، ئەمەش دەبێتە یەكەم دەرمان لە بازاڕدا كە بۆ چارەسەركردنی ئەم گرفتە سێكسییەی ئافرەت بەكاربێت كە لەژێر ناوی بازرگانی ئادی Addyi دەفرۆشرێت. ئەگەرچی فلیبانسێرین بە ڤیاگرای ئافرەت Female Viagra ناوزەد دەكرێت، بەڵام بێگومان ئەم دەرمانە هەرگیز هاوشێوەی ڤیاگرای پیاوان نییە و میكانیزیمی كاركردنی جیاوازە. فلیبانسێرین لە رێگای گۆڕان لە كیمیای مێشكدا دەبێتە هۆی چالاككردنی سیگناڵە سێكسییەكان.ئەم دەرمانە زیاتر بەسوودە بۆ چارەسەركردنی حاڵەتەكانی كەمبوونەوەی ئارەزووی سێكسی لە ماوەی پێش وەستانی یەكجارەكی سووڕی مانگانەدا كە لە گەلێك ئافرەتدا سەرهەڵدەدات و هاوكاتە لەگەڵ دڵتوندی و بێهێزی گشتی،بەر لە بەكارهێنانیش پێویستە كە حاڵەتەكە لە لایەن دكتۆرەوە دەستنیشان بكرێت. بۆ ئەنجامی باشتر، پێویستە كە حەبی فلیبانسێرین شەوانە دانەیەك بەكاربهێنرێت. فلیبانسێرین زیانی لابەلای توندی هەیە بە شێوەی سەرسووڕان، هێڵنج، دابەزینی سەختی پەستانی خوێن و لەهۆشچوون بەتایبەتی ئەگەر لەگەڵ ئەلكهولدا وەربگیرێت. هەندێك لە پسپۆران پێیان وایە كە فلیبانسێرین زۆر كاریگەرە، هەروەهاش بە گوێرەی دۆكیومێنتەكانی FDA، ئەگەرچی دوو جار لە ساڵی 2010 و 2013 دا بەكارهێنانی ئەم دەرمانەی رەت كردەوە. لەگەڵ ئەمەشدا، گەلێك نێوەندی لێكۆڵینەوەی پزیشكی لە ئەنجامی دروستیی ئەم دەرمانە بەگومانن.