تەندروستیت فەرامۆش مەكە
سوید / یوتۆبۆری
خۆراك كاریگەریی گەورەی هەیە لەسەر تەندروستی جەستە و دەروونمان، تەندروستیەكی خراپیش كاتێك دەردەكەوێت كە شتێك لە ژیانماندا ناجێگیر بێت، خۆراكی بێسوود و ناڕێكیش زۆر جار هۆیەكە بۆ ئەمە و وامان لێدەكات بە ئاسانی تووشی جۆرەها نەخۆشی ببین و پێشوەختە بمرین. بەڵام ئەگەر مرۆڤ كات و ویستی هەبێت، هەرگیز درەنگ نییە بۆ ئەوەی ئەو ڕێڕەوە بگۆڕێت.
چەند ساڵێك خۆراكی ناتەندروست و وەرزش نەكردن و جگەرەكێشان بەسە و لە ئێستاوە دەتوانێت سەرەتایەك بۆ ژیانێكی نوێ بۆ خۆت دروست بكەیت. چونكە تەنها مرۆڤ خۆی دەتوانێت ئەو بەڵێنە بە خۆی بدات، نابێت ئەوەش لە بیر بكەین، كە قەدری ئەوەمان لە لابێت كە لە ئێستادا هەمانە و پێزانینمان هەبێت بۆی. ئەم گۆڕانكارییە لەوانەیە گران بێت، بەڵام ئێمە هەر لە سروشتماندا گیانلەبەرێكی كۆڵنەدەر و بە تواناین. زۆر لەوە زیاتر كە خۆمان دەیزانین. راستە بارگرانیی ژیان و زۆركاركردن و بێدەرامەتی زۆرجار دەبێتە هۆی ئەوەی كە ئێمە تەندروستی خۆمان فەرامۆش بكەین، بەڵام ناتوانین چاو بپۆشین لەو ڕاستییە كە ئێمەی مرۆڤ بۆ شتێك دەگەڕێین كە ئاسان بێت و ئەركی نەوێت.
لەشی ئێمە پێویستی بە وەرزشی بەردەوام و خۆراكی هەمە جۆرە، پشتگوێ خستنی ئەمانەش دەبێتە هۆی نەخۆشی بۆماوە لە دواڕۆژدا. بڕی ئەو وزەیەش (كالۆری) كە پێویستمان پێیەتی، لە ڕێگەی خۆراك و ئەو وەرزشەی ڕۆژانە ئەنجامی دەدەین، دیاری دەكرێت. زانراویشە كە پیاو كەمێك زیاتر لە ئافرەت بڕی كالۆری پێویستە لە ڕۆژێكدا. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لەشی نێرینە هەر لە سەرەتاوە بڕی ماسوولكەی زیاترە وەك لە مێینە. هەتا ماسوولكەی لەشیش زیاتر بێت، وزەی زیاتر بەكار دەهێنێت.
پرۆتین و چەوری و كاربۆهیدرات ئەو وزەیە پێكدەهێنن كە لەشمان پێویستی پێیەتیی لەگەڵ ئەمەشدا پێویستمان بە ڤیتامین و كانزاكانە، دەبێت هەوڵ بدەین ڕۆژانە خواردنمان جۆراوجۆر و هەمەڕەنگ بێت، نەك تەنها یەك جۆر، لێرەدا بە كورتی باس لەوە دەكەم ئەو بەشانەی وزە بە لەشمان دەبەخشن كامانەن و لە كام خواردنانەدا هەن.
پرۆتین: بە بەردی بناغەی لەش ناودەبرێت و بە زۆری لە گۆشت و ماسی و هێلكە و پاقلەمەنیەكان و شیر و بەرهەمەكانیدا هەیە، لەشی ئێمە پێویستی بە پرۆتینی زۆرە، زیاتر لە چەوری و كاربۆهیدرات. چونكە پرۆتین ماسوولكە پتەو دەكات.
چەوری: بڕێكی دیاریكراو لە چەوری پێویستە، چونكە وزەمان پێ دەبەخشێت، ئەو چەورییەی تەندروست بێت، چەوری ناتێرە و دەبێت لە سەوزەكانەوە وەرگیرابێت، وەكو ڕۆنی گوڵە بەڕۆژە و زەیتوون و گوێزی هیندی، بە خواردنی كەمێك لە چەرەزاتەكان و ئەڤۆكادۆش بڕێكی باش لە چەورییە سروشیتیەكان بەدەست دێنیت، چەورییە تێرەكان، یان ئاژەڵییەكان، باشترە بەكار نەیەت، چونكە قورسن و زەرەرمەندن بۆمان و زیاد خواردنی دەبێتە هۆی گیرانی دەمارەكانی دڵمان.
كاربۆهیدرات: وزەبەخشەو پێویستمانە بۆ ئارامی مێشك و بیرێكی ڕوون، بەڵام دەبێت ڕۆژانە بڕێكی كەمی لێ بخورێت، ئەگەر نا لەشێوەی چەوریدا كۆدەبێتەوە لە لەشماندا، بە زۆری لە برنج و پەتاتە و شەكر و گەنم و جۆدا هەیە.
ڤیتامین و كانزاكانیش: بەردی بناغەی لەشمانن، هەندێك لە فرمانەكانیان ئەوەیە خانەكانی لەشمان زیندوو دەكەنەوە و بەرگریمان زیاد دەكەن دژی نەخۆشی، ماددەی دژە ئۆكسانی زۆری تێدایە كە بۆ لەشمان پێویستە، كاریگەریی زۆریشیان هەیە لەسەر پێست و قژ و نینۆك و خەومان. پێویستی ڕۆژانەمان، بڕێك خواردنی تەندروستە و دوو بۆ سێ جۆر میوەی جیاواز و هەندێك سەوزەی هەمە جۆرە، ئەوانەش تەندروستیمان دەپارێزن.
