هاوێنەی لكاو بە شێوەیەكی سەرەكی بۆ چارەسەركردنی یان راستكردنەوەی كزبوونی بینین بۆ نموونە كورتبینی یان دووربینی لەجیاتی چاویلكەی پزیشكی بەكاردێت، بەڵام هاوێنەی لكاوی رەنگاوڕەنگ Colored cantact lenses زیاتر بۆ جوانكاری بەكاردێت. هەرگیز باش نییە كە هاوێنەی لكاوی رەنگاوڕەنگ لە ماركێت یان لە ساڵۆنی جوانكاری بكڕێت، بەڵكو پێویستە كە تەنیا بە رێنمایی دكتۆری پسپۆری چاو بەكاربهێنرێت. رەنگ یان بۆیەی هاوێنەی لكاو لەوانەیە كە بۆ چاو مەترسیدار بێت، بۆیە بەكارهێنانی هاوێنەی لكاو بە هەموو جۆرەكانییەوە بە بێ چاودێری دكتۆر لەوانەیە كە زیانی هەمیشەیی بە چینی كۆرنیای چاو بگەیەنێت.لەوانەیە كە هەوكردنی چینی كۆرنیای چاو Keratitis بە هۆی بەكتریا، ڤایرۆس، كەڕوو، یان مشەخۆر رووبدات لەبەر: پەیڕەونەكردنی رێنماییەكان، پاك رانەگرتنی هاوێنەی لكاو، هەڵگرتنی هاوێنەی لكاو بۆ ماوەیەكی زۆر، مەلەكردن لەكاتی دانانی هاوێنەی لكاودا. نابێت هاوێنەی لكاو بە ئاوی ئاسایی پاك بكرێتەوە بەڵكو گیراوەی تایبەتی خۆی هەیە. رووی چاو لە هەر بەشێكی لەش زیاتر چڕە بە كۆتاییە دەمارەكان، بۆیە داڕوشان یان برینداربوونی چینی كۆرنیا رێگا واڵا دەكات بۆ بەكتریا و هەوكردن كە بە خێرایی تەشەنە دەكات. هەر كە برین یان داروشانی چینی كۆرنیا چاكدەبێتەوە، ئەوا لەوانەیە كە ئاسەوار جێبهێڵیت، ئەمەش كرداری بینین تێكدەدات و تەنیا بە نەشتەرگەری گواستنەوەی كۆرنیا Corneal transplantation چارەسەردەكرێت.