چۆن لەناكاودا دڵ دەوەستێت؟

چۆن لەناكاودا دڵ دەوەستێت؟
دڵ لە كەسانی پێگەیشتوودا بە تێكڕایی رۆژانە 100 هەزار جار لێدەدات واتە ماسوولكەی دڵ گرژ و خاو دەبێتەوە. وەستانی لەناكاو یان كتوپڕی دڵ Sudden cardiac arrest واتە وەستانی سووڕی خوێن بۆ مێشك و ئەندامەكانی تری لەش، لەگەڵ وەستانی هەناسە پاش چەند چركەیەك لە وەستانی دڵ كە لە زۆربەی حاڵەتەكاندا بە مردن كۆتایی دێت. شانەكانی مێشك بۆ مانەوەیان بە شێوەیەكی سەرەكی پشت بە گازی ئۆكسجین و شەكری گلۆكۆز دەبەستن. تێكچوونی ریتمی لێدانەكانی دڵ واتە تێكچوونی چالاكیی كارەبایی دڵ هۆكاری سەرەكییە بۆ وەستانی دڵ بە شێوەیەكی كتوپڕ، سەرەنجام دڵ ناتوانێت كە بە ڕێكی خوێن پاڵ بنێت بۆ هەموو بەشەكانی لەش. گەلێك هۆكار ئەگەری وەستانی لەناكاوی دڵ زیاد دەكەن وەكو: نەخۆشیی خوێنبەرەكانی تاجی دڵ CHD كە باوترین هۆكارە بەتایبەتی لە پیاوان لەپاش تەمەنی 35 ساڵیدا، نەخۆشی لە ماسوولكەی دڵدا Cardiomyopathy بە شێوەی ئاوسان و كەمبوونەوەی توانای ماسوولكەی دڵ، سەقەتیی زگماكی دڵ هەتا ئەگەر بە نەشتەرگەریش چارەسەركرابن، بەساڵاچوون بۆ نموونە پاش 45 ساڵ بۆ پیاو و پاش 55 ساڵ بۆ ئافرەت، مێژووی نۆرەیەكی دڵ لە رابردوودا، بوونی مەیلی خێزانی بۆ نەخۆشیی دڵ یان مردنی كتوپڕ.
Top