گومانی تێدا نییە كە كار و پیشە بارگرانی بۆ تەندروستی پەیدابكات، چونكە زۆربەی خەڵك زۆربەی كاتیان لە شوێنی كاردا بەسەر دەبەن. بۆ پاراستنی تەندروستی، پەیڕەوكرنی تەكنیكە دروستەكانی بەرەنگاربوونەوەی شەكەتی لەكاتی كار و پاش كاركردن مەسەلەیەكی زۆر گرنگ و هەستیارە. دەتوانیت بە پەیڕەوكردنی ئەم هەنگاوانە شەكەتیی یان سترێسی كار Job stress سووك بكەیت: لەو ماوە كاتییەی كە بۆ كارەكەت تەرخان كراوە هەموو شتە گرنگەكان بەپێی توانا و بە تەواوی ئەنجام بدە، پلان دابنێ كە بەپێی توانا و كارامەیی خۆت كارەكانت جێبەجێ بكەیت، ئەمە ئامادەباشیت پتر دەكات بۆ هەر سترێسێكی كتوپڕی پەیوەست بە كار، پەیوندی دروست لەگەڵ هاوپیشەكانت پەیدابكە لە سەر بنەمای باشتر بەڕێوەچوونی كارەكان نەك لەسەر بنەمایەكی تر، پشوودان لەكاتی پێویست زۆر گرنگە چونكە ناكرێت كە تۆ هەر خولەكێك بەبێ پچڕان كار بكەیت، لەو چەند دەمژمێرەی كاری ڕۆژانەتدا ناوە ناوە پشووێكی كورت بدە بە مەبەستی نوێبوونەوەی وزە و بەردەوامبوون لەسەر كاردا. ناكرێت هەموو كاتێكت بۆ كاركردن تەرخان بكەیت، چونكە هیچ كات و وزەیەكت نامێنێت بۆ ئەوەی لەگەڵ خێزان و برادەرانت كۆبیتەوە ئەگینا بەتێپەڕبوونی كات كاریگەری قورس و نێگەتیف دەكاتە سەر پێوەندییە كۆمەڵایەتییەكانت، گرنگی بدە بە خۆراك و نووستن و چالاكیی بەدەنی لەگەڵ دووركەوتنەوە لە جگەرەكێشان و زیادخواردنەوی چا و قاوە، خۆت فێری تەكنیكەكانی خۆخاوكردنەوە Relaxation بكە و بەردەوام هەڵوێستی پۆزەتیڤ لە كارەكەتدا بنوێنە.