كونكردنی لەش Body Piercing یەكێكە لە رەفتارەكانی گۆڕینی لەش Body Modification، كە بریتییە لە كونكردنی شوێنێكی لەشی مرۆڤ و پاشان دانانی یان تێخستنی تەنێكی بیانی لە كونەكەدا تاكو برینەكە چاك دەبێتەوە. بەم شێوەیە تونێلێك لە پێستدا دروست دەبێت لە دەوری تەنە بیانیەكەدا، بەمەوە شوێنێكی گونجاو دەڕەخسێت بۆ تێخستنی خشڵ یان ئەكسسوار و زێڕ و زیو. باشترین نموونە كونكردنی گوێیەكانە. ئێستا كونكردنی بەشەكانی جیاوازی لەش بە شێوەیەكی بەربڵاو و بەرجەستەتر لە سەرتاسەری جیهاندا زیادی كردووە، بۆیە پێویستە كە بە ئاڵۆزییە تەندروستییەكان ئاشنا بیت. كونكردنی گوێ ژمارەیەك ریسك لەخۆ دەگرێت بەتایبەتی هەوكردن و گرفتی دواكەوتنی كرداری چاكبوونەوەی برین. ئەگەری هەوكردن زیاتر دەبێت لەگەڵ نەبوونی مەرجەكانی پاكوخاوێنی، بۆ نموونە لەكاتەی كە یەكێك لەخۆیەوە بە ئامێرێك كونكردنی گوێ ئەنجام بدات. هەوكردن لە كركڕاگەی بەشی سەرەوەی گوێ یان لە شوێنی گوارەدا لەوانەیە كە ببێتە ئەگەری پەیدابوونی گرێی ئاسەواری هەمیشەیی (كیلۆید Keloid)، بۆیە پێویستە كە شوێنی كونكردنی گوێ بە پاكی رابگیرێن تا ئەو كاتەی كە بە تەواوی چاك دەبێتەوە.