لەشی مرۆڤ توانای هەیە كە بڕێكی زۆری چەوری كۆبكاتەوە. بەگشتی زیادكردنی كێشی لەش سەختترە لە دابەزاندنی كێشی لەش، بەڵام هەرگیز مەحاڵ نییە، كەچی دابەزاندنی كێشی زیادی لەش تەنیا پێویستی بە ورە و بەردەوامبوون هەیە لەسەر بەرنامەی تایبەتی دابەزاندنی كێش بە چاودێریی پزیشك. كەمیی كێشی لەش واتە كەمبوونەوەی رێژەی چەوری لە لەشدا ئەگەر پووكانەوە یان كەمبوونەوەی بارستایی ماسوولكەی لەگەڵدا نەبێت، ئەمەش بە چەندین هۆكارەوە بەندە وەكو: زگماك، نەخۆشی جەستەیی، زیاد جوولانەوە یان مەشقی وەرزشی، جۆری خۆراك و حەزەكانی پەیوەست بە خۆراك. بۆ زیادكردنی چەند كیلۆگرامێك كێشی لەش، چوار خاڵی سەرەكی لەلایەن دكتۆرەوە هەڵسدەنگێنرێن: باری دەروونی كە دەبێ تا رادەیەكی باش جێگیر بێت لەگەڵ نووستنێكی دروست، تەندروستییەكی باش پاش پشكنینی پزیشكی، خۆراكی رۆژانەی هاوسەنگ و تەواو واتە بڕی تەواوی تێدابێت لە وزە، پرۆتین، كاربۆهیدرات، چەوری، ڤیتامینەكان، كانزاكان، ئاو، چەندێتیی جووڵە و چالاكی بەدەنی رۆژانە واتە بڕی سەرفكردنی وزە بە جوولە زیاتر نەبێت لە بڕی وزەی وەرگیراو لە خۆراكەوە. پاشان خشتەیەكی تایبەت بە خۆراك تەرخان دەكرێت كە بڕی وزەی رۆژانە پتر بێت لە 2000-2500 كالۆری، لەگەڵ دیاركردنی چەندێتی جووڵانەوە و چالاكیی جەستەیی رۆژانە و ستایلی ژیان.