هەفتانە جارێك بە سابوونی دژەبەكتریا خۆت بشۆ

هەفتانە جارێك بە سابوونی دژەبەكتریا خۆت بشۆ
ئایا خۆشووشتن بە سابوونی دژەبەكتریا Antibacterial Soapلە راستیدا لەشمان پاكتر دەكات؟ ئێستا لە وڵاتانی رۆژئاوادا زۆربەی سابوونە شلەكان دژەبەكتریان. سابوونی ئاسایی پێكهاتووە لە تێكەڵكردنی مادەیەكی ترش و مادەیەكی تفت، مادە ترشەكە ماددەیەكی چەورە وەكو ترشە چەوری و گلیسریدی سیانی، ماددە تفتەكەش بۆ نموونە هایدرۆكسیدی سۆدیۆم NaOH یارمەتی جیابوونەوەی ترشە چەوری دەدات كە ئەویش لەگەڵ ئایۆنی هایدرۆجیندا یەكدەگرێت و خوێیەك پێكدەهێنێت، ئەم خوێیە بەشە بنەڕەتییەكەی سابوون پێكدەهێنێت كە لەگەڵ چڵك و چەوری و بەكتریا یەكدەگرێت، بەم شێوەیە كرداری پاككردنەوە ئەنجام دەدات. تاكو سابوونی ئاسایی ببێتە دژەبەكتریا، ماددەی تری بكوژی میكرۆبی تێدەكرێت. وا رێنمایی دەكرێت كە هەموومان هەفتانە جارێك بە سابوونی دژەبەكتریا خۆمان بشۆین و سابوون بۆ ماوەی دوو خولەك لەسەر پێستدا جێ بهێڵدرێت ئینجا بشورێت. پێستی هەموومان هەزاران بەكتریای لەسەرە، شووشتنی پێست بە سابوونی دژەبەكتریا ئەگەرچی بەكتریا لەناودەبات، بەڵام پێست تەنیا بۆ ماوەیەكی دیاریكراو لە بەكتریا پاك دەكاتەوە، چونكە پاش ماوەیەك دووبارە رووی پێست پڕدەبێتەوە لە بەكتریا، زۆر جاریش بە تێپەڕبوونی كات بەكتریا بەرگری بەرامبەر بەم جۆرە سابوونانە پەیدا دەكات. لەوانەیە كە هەندێك لەو بەكتریایانەی سەر پێست لە راستیدا وەكو بەكتریای ریخۆڵە سوودبەخش بن بەوەی كە ئارەقە شیبكەنەوە و رێگا لە بەكتریای زیانبەخش بگرن كە بگەنە پێست. سابوونی دژەبەكتریا ڤایرۆس لەناو نابات، بە هەرحاڵ، تا ئێستا ئەمە نەچەسپێنراوە كە سابوونی دژەبەكتریا ببێتە جێگرەوەی سابوونی ئاسایی.
Top