مەشقی وەرزشی بۆ سووككردنی سەرئێشە

مەشقی وەرزشی بۆ سووككردنی سەرئێشە
گرژەسەرئێشە Tension headache تووشبوو بە توندی ناڕاحەت دەكات، سەرەتا بە شێوەی ئازار و گرژبوونی توندی مل دەستپێدەكات و پاشان لە پاشەوەی سەر و پشت چاو و پێشەوەی گوێ و پێشەوەی سەر هەستی پێدەكرێت. گرژەسەرئێشە حاڵەتێكی باوە و نزیكەی 80%ی حاڵەتەكانی سەرئێشە پێكدەهێنێت. گرژبوونی ئەو ماسوولكانەی كە مل بە شان دەبەستنەوە لەگەڵ ماسوولكەی ئێسكی پشتەوەی شان Scapula و ئەو ماسوولكە بچووكانەی كە بڕبڕەی یەكەم و دووەمی مل بەیەكتر دەبەستنەوە، هۆكاری سەرەكین بۆ گرژەسەرئێشە. گرژبوونی سێتێك لەو ماسوولكانە گرژبوونی ئەوانی تریشی بەدوادادێت. زیادكشان یان زیادگرژبوونی ئەم ماسوولكانە بە هۆكاری جیاواز دەبێتە هۆی سەرئێشە. گەلێك كەس لەكاتی ئازاری گرژەسەرئێشەدا یەكسەر پەنا دەبەنە بەر بەكارهێنانی دەرمانی ئازارشكێن، لەوكاتەی كە هەموو دەرمانەكان بەدەر نین لە زیانی لابەلا، بۆیە دەتوانیت كە بە چەند مەشقێكی سادە گرژبوونی ماسوولكەكان كەم بكەیتەوە و سەرئێشەكەت سووك بكەیت، بۆ نموونە دانیشتن و حەساندنەوەی سەر لەسەر پشتی كەرەوێت لەگەڵ خاوكردنەوەی باسكەكان بۆ ماوەی 15- 30 خولەك. مەشقێكی تر بریتییە لە پاڵكەوتن و دانانی خاولییەكی لوولدراو لە بن ملدا، پاشان فشاردانی چەناگە بۆ پاشەوە بۆ ماوەی 5- 10 چركە، ئەم مەشقە 10- 15 جار دووبارە بكەوە بەبێ بەرزكردنەوەی مل یان سەر.
Top