نەخۆشیی شەكرە هەڕەشەیەكی گەورەیە بۆ دڵی ئافرەت

نەخۆشیی شەكرە هەڕەشەیەكی گەورەیە بۆ دڵی ئافرەت
بە پێی دوا لێكۆڵینەوەكان، نەخۆشیی شەكرە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی دڵ زیاد دەكات، ئەگەری ئەم ئاڵۆزییە لە ئافرەتدا زیاترە لەوەی لە پیاوانی تووشبوو بە نەخۆشیی شەكرە، ئافرەتی تووشبوو بە نەخۆشیی شەكرە 3 جار زیاتر ئەگەری تووشبوونی بە نەخۆشیی دڵ لێدەكرێت بە بەراورد لەگەڵ ئافرەتانی تر. ئافرەتانی تووشبوو بە شەكرە بە رێژەی 40- 50% زیاتر لە پیاوان ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشیی خوێنبەرەكانی دڵ و ریسكی مردن بە نۆرەی دڵ لێدەكرێت. لەوانەیە كە هۆكارەكە بگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە ئافرەت بۆ ماوەیەكی زۆر لە قۆناغی پێش شەكرەدا Pre-diabetes دەمێنێتەوە كە تا كاتی دەستنیشانكردن كاریگەریی نێگەتیڤی كردۆتە سەر بۆڕییەكانی خوێن بە شێوەی رەقبوونی خوێنبەرەكان. پیاو كە تووشی شەكرە دەبێت ئەوا بە ماوەیەكی كەم حاڵەتەكە بە تەواوی دەستنیشان و جێگیر دەبێت، بۆیە بە پێچەوانەی ئافرەتانی تووشبوو زووتر دەست بە پارێزی خۆراك و چارەسەری دەرمانی دەكەن، ئەمەش بێگومان ئەگەری ئاڵۆزییەكان بە نەخۆشیی دڵیشەوە بەلاوە دەنێت یان دوادەخات، هەروەها ئەمەش تێبینی كراوە كە ئافرەتانی تووشبوو بە نەخۆشیی شەكرە بەگشتی كێشی لەشیان زیادە یان قەڵەون، ئەمەش هۆكارێكی دیكەی هاندەرە بۆ تووشبوون بە نەخۆشیی خوێنبەرەكانی دڵ و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن كە ئەویش بە دەوری خۆی ئەگەری نەخۆشیی دڵ زیاد دەكات.
Top