ئەگەر منداڵەكەت لە لایەنی فیزیكییەوە كەمێكی لە تۆ نەچێت، ئەوا لە لایەنی كەسێتی و زیرەكییەوە زۆری لەخۆت دەچێت. ئاڵۆزیی جینەكان وردەكاری یەكجار زۆر لە تۆ و هاوسەرت بۆ منداڵەكەت دەگوازنەوە. جینەكانی منداڵ تێكەڵيیەكە لە شێوەی دایك و باوك، بەگشتی سێتێك جین بەشدار دەبن لە دیاركردنی سیفەتێكدا، بۆ نموونە ئەگەر چاوی باوك قاوەیی و چاوی دایك شین بێت، ئەگەرچی منداڵ هەردوو جینەكەی چاوی قاوەیی و چاوی شین هەڵدەگرێت، بەڵام لەبەر ئەوەی كە جینی چاوی قاوەیی بەهێزترە، یان زیاتر زاڵە بەسەر جینی چاوی شین، بۆیە چاوی منداڵ زیاتر قاوەیی دەبێت، هەروەها بە گوێرەی رەنگی قژی باوك كە ئەگەر قاوەیی بێت ئەوا زاڵ دەبێت بەسەر قژی زەردی دایك بۆیە قژی منداڵ زیاتر قاوەیی دەبێت. لە لێكۆڵینەوەیەكی نوێدا هاتووە كە نزیكەی هەموو لایەنە دەروونییەكان بۆماوەیین، واتە لە دایك و باوكەوە بۆ منداڵ دەگوزارێنەوە، بۆ نموونە جمكە چۆنییەكەكان Identical twins كەسایەتییەكی هاوبەشیان هەیە، هەروەها حەزی رەنگەكان، حەزی خۆراك، چالاكیی جەستەیی و چالاكییە كۆمەڵایەتییەكان، زیاد پێكەنین، زوو، یان درەنگ هەڵچوون و تووڕەبوون، ناسنامەی سێكسی، مەیلەكانی تر و ...تاد.
بە هەرحاڵ، لە هەموو كەسێكدا پێوەندییەكی پتەو لە نێوان جینەكان و دەوروبەردا هەیە، بەهرەی میوسیك باشترین نموونەیە بۆ ئەمە. ئەگەرچی زیرەكی و بەهرەی هونەری لە لایەن جینەكانەوە دیاردەكرێن، بەڵام بۆ ئەنجامدان و پەرەپێدان پێویستییان بە دەوروبەرێكی گونجاو هەیە، ئەمەش پاساوی ئەوە دەداتەوە كە بۆچی بەگشتی رێژەی زیرەكی IQ لەبەر زوو فێربوون و دەوروبەری گونجاو لە هەڵكشاندایە.