لاستیكیی پێست Skin Elasticity بریتییە لە توانای پێست بۆ كشان و گەڕانەوە بۆ شێوە و توندیی ئاسایی خۆی. كەمبوونەوەی ئەو توانایەش هۆكاری نەمانی لاستیكیی پێست و لۆچبوونە. كەمبوونەوەی لاستیكیی و مرونەی پێست بەگشتی لە تەمەنی 40 ساڵیدا وەكو بەشێكی سروشتیی بەساڵاچوون دەستپێدەكات. بەساڵاچوون كە هۆكارە بۆ دەستپێكی سەرەتاكانی پیربوونی پێست هەر لە پاش تەمەنی 25 ساڵیدا و لە تەمەنی 40 ساڵیدا بەرجەستەتر دەبێت. تیشكی خۆر ریشاڵەكانی ئیلاستین Elastin لە پێستدا تێكدەشكێنێت كە گرنگن بۆ هێشتنەوەی لاستیكیی پێست، لە ئەنجامی چاكبوونەوەی ئیلاستینی تێكشكاودا پێست زوو پیر و لۆچ دەبێت. دابەزینی كێشی لەش بە خێرایی لە ماوەیەكی كەمدا هۆكارێكی زەقە لەپاڵ كەمبوونەوەی مرونەی پێست و شۆڕبوونی پێست. جگەرەكێشان هۆكارە بۆ گۆڕانی كیمایی لە لەشدا كە دەبێتە هۆی تاودانی پیربوونی پێست، ئەو كەسانەی كە رۆژانە زیاتر لە 10 جگەرە دەكێشن زیاتر دووچاری لۆچبوون و شۆڕبوونی پێست دەبن. زیاد خواردنی چەوری و شیرینی هۆكارێكی ترە بۆ پێستێكی خراپ، هەروەها نووستنی بەردەوام لەسەر لایەك وادەكات كە پێستی ئەم لایەی دەموچاو زووتر دوچاری شۆڕبوون و لۆچبوون بێت.