لە رەمەزاندا وریای خوێی شاراوە بە

لە رەمەزاندا وریای خوێی شاراوە بە
لە هەموو شتێك گرنگتر بە لای خەڵكەوە لەكاتی هەڵبژاردنی خۆراك كە زاڵە بەسەر لایەنی تەندروستی بریتییە لە چێژ Flavor، زیادكردنی خوێ یەكێكە لە ئاسانترین و هەرزانترین رێگا بۆ خۆشتركردنی چێژی خۆراك. كەمكرنەوەی خوێ بەگشتی شتێكی تەندروستییانەیە بەتایبەتی بۆ تەمەنی ناوەڕاست و بەسەرەوە، پەیوەندییەكی بەهێز لە نێوان بڕی زیادی خوێ و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێندا هەیە. گەلێك كەس تەنیا پابەند دەبن بە كەمكردنەوەی خوێی سەر مێز و ئامادەكردنی شیو بە بڕی كەمی خوێ، بەڵام حیساب بۆ خوێی شاراوە ناكەن كە لە هەندێك خۆراكدا بە بڕی زیاد هەیە. خواردنی بڕێكی كەم لە خۆراكی تێرخوێ، یان كەمێك شۆر زیانێكی ئەوتۆ بە تەندروستی ناگەیەنێت، بەڵام گەلێك خۆراك بە بڕێكی زۆری خوێی شاراوە Hidden Salt باركراون، بۆ نموونە ترشیات، خیار شور، زەیتوون، جیبس، عەنبە، خۆراكی قوتووبەند بەتایبەتی گۆشت و ماسی، چەرەز، هەندێك جۆری ساس، هەموو جۆرەكانی خۆراكی خێرا. ئەمەش راستییەكی زانستییە كە خوێی زیاد لە ژەمی پارشێودا ئەگەری تێنوبوون زیاتر دەكات لە ساتەكانی رۆژوودا، بۆیە پێویستە كە خۆراكی كەم خوێ هەڵبژێرێت و ئەو خۆراكانە كەم بكرێنەوە كە خوێی شاراوە لەخۆدەگرن. ئەوە راستییەكی زانستییە كە لەشت رۆژانە تەنیا 500 میللیگرام سۆدیۆمی پێویستە. بە پێی رێنمایی كۆمەڵەی ئەمریكی نەخۆشییەكانی دڵ American Heart Association پێویستە كە بڕی رۆژانەی خوێ بۆ پێگەیشتووەكان هەرگیز لە 2،400 میللیگرام پتر نەبێت، بەڵام زۆربەمان رۆژانە زیاتر لەم بڕە خوێ لە خۆراكەوە وەردەگرین.
Top