كالسیۆم ئەو كانزایەیە كە ئێسك و ددان بەهێز دەكات، فرمانی ماسوولكە و دەمارەكان باشتردەكات، زۆر گرنگە بۆ گەشە، كالسیۆم ئێسكەكان پتەو دەكات تا تەمەنی 30- 35 ساڵ كە بارستایی ئێسك دەگاتە لوتكە. وەكو بەشێك لە پرۆسێسی بەتەمەنداچوون، بارستایی ئێسك كەم دەبێتەوە و ئێسكەكان لاواز دەبن. ئەگەر تۆ بڕی تەواوی كالسیۆم لە خۆراكەوە وەرنەگریت بەر لە دەستپێكی كرداری كەمبوونەوەی بارستایی ئێسكەكان، ئەوسا ئێسكەكان تووشی پووكانەوە و بێ هێزی دەبن Osteoporosisو بە زەبرێكی كەم دەشكێن. پرۆفێشناڵەكانی تەندروستی دەڵێن كە لە هەر سێ ئافرەت یەكێكیان تووشی لاوازبوونی ئێسك دەبن. نێوەندە تەندروستییەكان جەخت دەكەنەوە كە پێویستە رۆژانە بەلای كەم 700 ملگم كالسیۆم لە خۆراكەوە بۆ پیاو و ئافرەت دابین بكرێت كە دەكاتە نیو لیتر شیر رۆژانە یان 80 گرام پەنیر یانیش دوو كوپ ماست، جا دەكرێ ئەم بڕە بە هەردوو ژەمی پارشێو و فتار دابین بكرێت. ئەلبان جگە لەوەی كە دەوڵەمەندترین سەرچاوەن بۆ كالسیۆم، گەلێك ماددەی سوودبەخش وەكو پرۆتین و ڤیتامین و كانزا لەخۆدەگرن.