ئاستی درێژبوونی قژ تەنیا بە زگماكەوە پەیوستە

ئاستی درێژبوونی قژ تەنیا بە  زگماكەوە پەیوستە
رەگی مووەكان Hair follicle لە چینی ژێرەوەی پێستدا بەرپرسە لە گەشە و تەندروستیی قژ، بۆڕی خوێنی باریك بەردەوام خۆراك و ئۆكسجین دەگەیەننە رەگی مووەكان. هەر تاڵە مووێك لە كاتی گەشەكردن تا كاتی هەڵوەرینی بە 4 قۆناغدا تێدەپەڕێت كە بریتین لە: قۆناغی گەشەكردن Anagen، قۆناغی گواستنەوە Catagen، قۆناغی حەوانەوە Telogen، دوا قۆناغ یان قۆناغی هەڵوەرین Exogen. هەرگیز هەموو تاڵە مووەكان لە یەك كاتدا لە هەمان قۆناغدا نین، بەڵكو لە هەر كاتێكدا هەر كۆمەڵێك لە قۆناغێكدا دەبن. قۆناغی گەشەكردن واتە ئەو قۆناغەی كە قژ تیایدا درێژ دەبێت كە بەگشتی لە نێوان 2- 7 ساڵدایە، بەمانایەكی تر ئەو ماوەیەی كە قژ لەناو قۆناغەكەدا دەمێنێتەوە و زیاتر درێژ دەبێت. ماوەی ساڵەكانی قۆناغی گەشە 100% بەندە بە بۆماوە(زگماك)، واتە تەنیا بۆماوە هۆكارە بۆ ئەوەی كەسانێك دەبینین كە خاوەن قژێكی زۆر درێژن چونكە قۆناغی گەشەكردنی مووەكانیان درێژە بۆ نموونە 5 یان 6 یان 7 ساڵە، كەسانێكیش دەبینین كە قژیان بە درێژایی تەمەن قەت لە درێژییەكی دیاركراو تێپەڕناكات چونكە قۆناغی گەشەكردنی مووەكانیان كورتە بۆ نموونە 2 یان 3 ساڵە. هەتا ئێستا هیچ رێگایەك یان جۆرێكی خۆراك یان شامپۆ یان دەرمانێك لەبەر دەستدا نییە بۆ درێژكردنی ئەم قۆناغە تاكو وابكات كە قژ درێژتر بێت، هەروەها بەگوێرەی ئەستووری و باریكیی یان تیرەی مووەكان كە ئەمەش بە زگماكەوە بەندە. بە تێپەڕبوونی كات و لەگەڵ بەتەمەنداچووندا قۆناغی گەشەكردن كورت دەبێتەوە، بۆیە قژ پاش هەر سایكلێك لاواز و باریكتر دەبێت.
Top