لەكاتی خەوزڕاندا هەوڵ بدە كە هەرگیز هەڵبژاردەی یەكەمت حەبی ئارانبەخش یان حەبی خەو نەبێت. هەموو ئەو كەسانەی كە دەرمانی خەوێنەر Sleep drugs بەكاردێنن، سەرەتا هەست بە نیگەرانی دەكەن سەبارت بە كاریگەری و زیانە لابەلایەكان بەتایبەتی كە هەست دەكەن خەویان دەبێتە دەستكرد. بەگشتی هیچ دەرمانێكی خەوێنەر بەدەر نییە لە زیانی لابەلا، بۆیە پێویستە كە تەنیا بە رێنمایی و چاودێری نزیكی دكتۆر بەكاربێن و هەرگیز بەبێ راچێتە نەفرۆشرێن. زیانە لابەلاكانی دەرمانە خەوێنەرەكان: هەستكردن بە بێهێزی گشتی لەش، سەرسووڕان، هێڵنج، سەرئێشە، گرفت لە بێداربوونەوەی بەیانیان و هەستكردن بە بۆرژان، نووستنی قووڵ بە دەرمانی خەوێنەر ئەگەری دڵەكزێ و گەڕانەوەی ترشەلۆكی گەدە بۆ بەشی خوارەوەی سوورێنچك GERD زیاد دەكات، گەلێك لە حەبە خەوێنەرەكان ئەگەری خوپێوەگرتن Dependence یان راهاتن Addiction زیاد دەكەن بەتایبەتی كۆمەڵەی ڤالیۆم، بەكارهێنانی دەرمانی خەوێنەر بۆ ماوەیەكی زۆر هۆكارە راستەقینەكانی خەوزڕان دەشارێتەوە بەتایبەتی سترێس، لەبیرچوونەوەی زۆربەی شتەكانی شەوی رابردوو بەر لە نووستن، زۆربەی دەرمانە خەوێنەرەكان كاریگەری دەكەنە سەر هۆرمۆنەكان، بەمەشەوە دەبنە هۆی گرفت لە ئارەزووی سێكسی و سووڕی مانگانەدا. هەوڵ بدە كە هۆكاری خەوزڕانت دەستنیشان بكەیت و چارەسەری بكەیت، هەنگاوەكانی سووككردنی سترێس پەیڕەو بكە، ئەگەر ئەم هەنگاوانە بێسوود بوون، ئەوكاتە سەردانی دكتۆر بكە و هەرگیز لەخۆتەوە دەرمانی خەو بەكارمەهێنە.