ئەمە روونە كە سووڕی مانگانە سەرەڕای ئازار و گرژیەكان و ناڕحەتی جەستەیی، كاریگەری جیاواز دەكاتە سەر مەزاج Mood. میكانیزمی سەرەكی لەپاڵ گۆڕانی مەزاج بریتییە لە بەرزبوونەوە و دابەزینی خێرا لە ئاستی هۆڕمۆنەكان بەتایبەتی هۆرمۆنی ئیسترۆجین. هەندێك ئافرەت زیاتر لە ئافرەتانی تر هەستییارن بەرانبەر بە گۆڕانە هۆرمۆنییەكانی پەیوەست بە سووڕی مانگانە، ئەمەش كاریگەری بەرچاو دەكاتە سەر مەزاجیان. گۆڕانەكانی مەزاجی پەیوەست بە سووڕی مانگانە بەم شێوەیەن: هەستكردن بە خەمۆكی، زوو هەڵچوون، زوو تووڕەبوون، هەستكردن بە ناڕەحەتی، زیاد هەستیاربوون، خۆبەدوورگرتن لە كۆمەڵ، هەستكردن بە داڕمان و هەندێك جاریش گریان. لە هەندێك ئافرەتدا، گرژییەكانی پەیوەست بە سووڕی مانگانە PMS كاریگەری ئەوتۆ دەكەنە سەر مەزاج كە ئافرەت ناتوانێت بە ئاسانی كۆنتڕۆڵی بكات. هەڵبەزین و دابەزینی مەزاج هەندێك جار 1-2 هەفتە بەر لە دەستپێكی سووڕی مانگانە سەرهەڵدەدات، پاشان مەزاج لەخۆیەوە جێگیر دەبێتەوە. لە هەندێك ئافرەتدا، گرفتەكە توندتر دەبێت بە شێوەی ترس و تۆقین، خەمۆكی قووڵ، جێگیرنەبوونی مەزاج، گرفت لە كار و چاڵاكی رۆژانەدا، گرفت لە بیركردنەوە و تەركیزدا، هەستكردن بە هیلاكی و ماندووبوون و كەمی وزە، زیاد خواردن.