كە باس لە خۆپاراستن یان كۆنتڕۆڵكردنی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و كۆلیستیرۆل و نەخۆشیی دڵ دەكرێت، ئەوا زیاتر جەخت لە دووركەوتنەوە لە جگەرە و ئەلكهول و گرنگی مەشقی وەرزشی و خۆراك دەكرێتەوە، بێ ئەوەی كە گرنگی بە ماوە و كوالیتی خەو بدرێت. كوالیتی خەو پەیوەندییەكی بەهێزی بە نەخۆشیی دڵەوە هەیە، لەكاتی نووستندا لێدانەكانی دڵ كەم دەبنەوە و پەستانی خوێن دادەبەزێت، ئەمەش دڵ لە لۆدی ژیانی رۆژانە دەحەسێنێتەوە. دڵ كە ماسوولكەیە پێویستی بە چاكبوونەوە پاش كاركردنی زۆر (گرژ و خاوبوونەوە) هەیە. لە نزیكەی 25%ی خەڵكدا، لەكاتی نووستنی قووڵدا رێژەی لێدانەكانی دڵ بۆ 35- 45 لە خولەكێدا كەم دەبێتەوە. بۆ ئافرەت، نووستن شەوانە بۆ ماوەی 6 كاتژمێر یان كەمتر ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی دڵ تا 13- 23 % زیاد دەكات لە ماوەی 10 ساڵی داهاتوودا. بۆ پیاو، نووستن بۆ ماوەی 6 كاتژمێر یان كەمتر شەوانە، ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی دڵ تا رێژەی 10% لە ماوەی 10 ساڵدا زیاد دەكات. بۆ هەردوو پیاو و ئافرەت، نووستن زیاتر لە 10 كاتژمێر لە رۆژێكدا، ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی دڵ بۆ رێژی 20% بەرزدەكاتەوە لە ماوەی 10 ساڵدا. خەوێكی كوالیتی بەرز شەوانە بۆ ماوەی 7 كاتژمێر كەمترین ریسك بۆ دڵ پەیدا دەكات. كەواتە شەونخونی و ئەنجامدانی هەر كارێك لەسەر حیسابی خەو شتێكی ناتەندروستییانەیە و لەوانەیە كە دڵ بە پلەی یەكەم باجەكەی بدات كە هیچی كەمتر نییە لە مەترسی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و كۆلیستیرۆل لەسەر تەندروستیی دڵدا.