ئاو گرنگیی زۆری بۆ تەندروستی هەیە، بۆ نموونە یارمەتیدان و تاودانی كرداری میتابۆلیم، یارمەتیدانی زوو هەستكردن بە تێربوون، باشتركردنی ئاستی وزەی لەش لەوكاتەی كە كەمبوونەوەی شلەی لەش هۆكارە بۆ بێهێزی و هەستكردن بە ماندووبوون بەتایبەتی لە رۆژوواناندا. ئاو كرداری گواستنەوەی ئۆكسجین و خۆراك بۆ هەموو خانەكانی لەش ئاسانتر دەكات. بڕی تەواوی ئاو بارگرانی دڵ بۆ پەمپكردنی خوێن بۆ هەموو بەشەكانی لەش سووك دەكات. نزیكەی 85%ی شانەكانی مێشك لە ئاو پێكهاتووە، بڕی دروستی ئاو سترێس سووك دەكات لەوكاتەی كە كەمی ئاو ئاستی سترێس بەرزدەكاتەوە. خواردنەوەی ئاو گرژبوونی ماسوولكە سووك دەكات و تەڕێتی ناو جومگەكان دەپارێزێت. بڕی تەواوی ئاو یارمەتی بەرگەگرتنی مەشقكردن بۆ ماوەیەكی زیاتر دەدات. لەكاتی كەمبوونەوەی شلەی لەش لۆچەكانی پێست زەقتر و قووڵتر دەبینرێن، ئاو وەكو كرێمێكی جوانكاری سروشتی وایە. ئاو خانەكانی پێست دەبوژێنێتەوە و هانی هاتوچۆی خوێن دەدات و پێست ساف دەكات. ئاو چڕی خوێ و كانزاكان لەناو میزدا كەم دەكاتەوە كە هۆكارن بۆ دروستبوونی كریستالی رەق واتە بەردی گورچیلە. خواردنەوە گازدار و شیرینكراوەكان Sweetened drinks بەگشتی ناتەندروستییانەن چونكە رێژەیەكی بەرزی شەكر لەخۆدەگرن لەگەڵ چەندین ماددی كیمیایی وەكو رەنگ و بۆن و چێژی كیمیایی و ماددەی پاراستنی خۆراك، بە بێ بوونی هیچ ماددەیەكی سوودبەخشی وەكو ڤیتامین و كانزاكان و ماددەی دژەئۆكسان.