لەمێژە كەشتیوانە بەریتانییەكان دەركیان بە پەیوەندیی نێوان ڤیتامین C و نەخۆشیی ئەسقەربوت Scurvy كردووە، ئەوەش زانراوە كە ڤیتامین C گرنگی هەیە بۆ خۆپاراستن و چارەسەركردنی كۆكە و هەڵامەت و بەهێزكردنی بەرگریی لەش، بەڵام ئایا بەوە ئاشنایت كە ڤیتامین C گرنگی زۆری بۆ تەندروستیی پێست هەیە. ئەم ڤیتامینە كوالیتی پست باشتر دەكات بەتایبەتی كە رۆڵی گرنگی هەیە لە دروستبوونی پرۆتینی كۆلاجینی Collagen پێست كە گرنگە بۆ گەشەی خانەكان و بۆڕییەكانی خوێن و توندیی و لاستیكیی پێست، لەگەڵ زوو چاكبوونەوەی پێست پاش هەر كاریگەرییەكی زیانبەخش. ڤیتامین C دژەئۆكسانێكی بەهێزە كە لە كاریگەری كۆلكە سەربەستەكان Free radicals كەم دەكاتەوە كە لە ئەنجامی كرداری ئۆكسانەوە پەیدا دەبن و زیانی زۆر بە تەندروستی بە گشتی و كۆلاجینی پێست دەگەیەنن، لە ئەنجامدا پێست زوو دوچاری وشكبوون و پەیدابوونی هێڵی ورد و لۆچبوون دەبێت. ڤیتامین C رۆڵی گرنگیی هەیە بۆ كەمكردنەوەی ئەگەر و نیشانەكانی خۆربردن كە بە هۆی كاریگەریی تیشكی سەرووی وەنەوشەیی لەسەر پێستدا پەیدا دەبن، هەروەها رۆڵی هەیە بۆ پاراستنی پێست لە شێرپەنجە بەتایبەتی لەو كەسانەدا كە بۆ ماوەیەكی زۆر دەكەونە بەر تیشكی خۆر. ئێستا ڤیتامین C بە شێوەی گیراوە یان كرێم و ئاوێتەی تری پێست دەست دەكەوێت، سەرچاوە خۆراكییەكانی ئەمانەن: میوە مزرەكان، فەراولە، كیوی، بیبەری شیرین، تەماتە، بركۆلی، سپێناغ.