پێویستە لەسەر هەموو دایكێك كە ئاشنا بێت بەم زانییاریە زانستییانە و بۆ كچە هەرزەكارەكەی و بە سادەترین شێوە روونی بكاتەوە، بۆ نموونە باڵغبوون Puberty قۆناغێكی ژیانە و بۆ ماوەی چەند ساڵێك بەردەوام دەبێت، شێوەی لەش بە هۆی هۆرمۆنەكان گۆڕانی بەسەر دادێت لە شێوەی منداڵییەوە بۆ شێوەی پێگەیشتووان. لەكاتی باڵغبووندا، لەوانەیە كە گەشە و قەبارەی مەمكێك لەوی تر گەورەتر بێت، بەڵام جیاوازییەكە هێندە زۆر نییە و شتێكی ئاساییە. لەگەڵ دەستپێكی باڵغبووندا، لەوانەیە كە جێگیربوونی سووڕی مانگانە نزیكەی یەك ساڵ درێژە بكێشێت، هەروەها لەوانەیە كە ماوەی نێوان 2 سووڕ لە نێوان 3 – 6 هەفتە بێت، ئەم ماوەیە گەلێك جار گۆڕانی بەسەردا دێت لەگەڵ مەشقی وەرزشی و سترێسی توند و ریجیم یان گۆڕان لە خۆراكدا. بەگشتی كچە هەرزەكارەكان لە جوانیی لەش و لاریان ناڕازین كە زۆر جار دەبێتە هۆی گرفتی پەیوەست بە خواردن كە بنەمای دەروونی هەیە بە شێوەی كەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن Anorexia nervosa و كەمبوونەوەی كێشی لەش یان زیادخواردنBulimia و زیادبوونی كێشی لەش. زۆربەی هەرە زۆری هەرزەكارەكان پێویستییان بە گرنگی پێدان، لێك تێگەیشتن، قبوڵ كردن، خۆشەویستی هەیە لە لایەن دایك و باوكەوە.