شەقەسەر Migraine حاڵەتێكی سەرئێشەیە كە هەندێك جار تووشبووان گەلێك ناڕەحەت دەكات بەتایبەتی لە رەمەزاندا. گەلێك لە تووشبووان بە شەقەسەر باس لەوە دەكەن كە هەندێك جۆری خۆراك پەیوەندی هەیە بە زیادی و كەمیی نۆرەكانی سەرئێشە، پەیوەندییەكی بەهێز هەیە لە نێوان كات و كەڕەتەكانی نۆرەی شەقەسەر لەگەڵ كات و جۆری خۆراك و خواردنەوەكاندا. بەهەرحاڵ، كەمكردنەوە یان دووركەوتنەوە لە خواردنی هەندێكیان یارمەتی كەمكردنەوەی نۆرەكانی سەرئێشە دەدات. باشترە كە تووشبووان بە شەقەسەر دووركەونەوە لەم خۆراكانە: شوكولاتە و چوكلێت، پەنیر، سۆسەج، خۆراكی سوێر، چەوری زیاد بەتایبەتی چەورییە تێرەكان، مۆز، هەنجیر، مێوژ، ئایس كرێم، ماست، ترشیات، میوەی مزر، ساسی سۆیا Soya sauce، میوەی ئەڤۆكادۆ، نیسك، چەرەزات، ماددە شیرینكارە دەستكردەكانی وەكو سەكارین Saccarin و ئەسپارتێم Aspartame، هەروەها ئەو خواردنەوانەی كە ماددەی كافائین لەخۆدەگرن وەكو قاوە، چای، كاكاو، خواردنەوە وزەبەخشەكان Energy drinks سۆدای ئاسایی و سۆدای ریجیم Diet soda. باشترە كە تووشبووان بە شەقەسەر پارشێو و بەربانگ لە كاتی خۆیدا بخۆن. لەكاتی بەربانگ زیاد مەخۆ، خۆراك زیاتر نەبێ لە بەرگە گرتنی كۆئەندامی هەرس، كاتی نووستنت رێك بخە، با هەواگۆڕی لە ماڵەكەتدا هەبێت، دەموچاوت بە ئاوی سارد بشۆ، پاش گەرماو دوشێكی ئاوێكی سارد بكە و با قژ بەخۆی وشك بێتەوە نەك بە شیسوار، لەكاتی نۆرەی شەقەسەردا، جگە لە دەرمان كیسی پڕ لە بەفر لەسەر ملتدا بنێ.