ئارەقەكردن Sweating واتە دەردانی شلە لە رێگەی گلاندەكانی ئارەقە لە پێستدا، ئەمەش هەنگاوێك، یان كاردانەوەیەكی سروشتی و ئاساییە بۆ رێكخستنی پلەی گەرمیی لەش لەكاتی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی دەوروبەر، یان پلەی گەرمیی ناو لەش. گەرما، یان كەشی گەرم، شوێنی گەرم هۆكاری سەرەكین بۆ ئارەقەكردن، بەڵام هۆكاری فسیۆلۆژی یان سروشتی دیكەش دەبنە ئەگەری ئارەقەكردن وەكو: جووڵانەوە و مەشقی وەرزشی، هەڵچوون و تووڕەبوون، ترس و تۆقین، لە هەندێك كەسیشدا قەڵەوی. زیادئارەقەكردن Hyperhidrosis كە زیاتر بێت لە ئارەقەكردنی ئاسایی لە هەندێك كەسدا بە شێوەیەیەكی ئاسایی بەبێ بوونی هیچ كێشەیەكی تەندروستی روودەدات، بەڵام لەوانەشە كە لە ئەنجامی نەخۆشی رووبدات، بۆ نموونە هەوكردنی پەردەی ناوپۆشی دڵ Endocarditis، بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش یان تا Fever لەبەر هەر هۆكارێك، ئەنفلوەنزا، شێرپەنجەی خوێن وەكو لوكیمیا و لیمفۆما، نەخۆشیی ئایدز، زیادبوونی چالاكی یان ژاراویبوونی گلاندی دەرەقی Hyperthyroidism، دابەزینی ئاستی شەكری خوێن، هەوكردنی شانەكانی ئێسك، لە ئافرەتدا وەستانی یەكجارەكی سووڕی مانگانە، نەخۆشیی سیل، زیاد بەكارهێنانی دەرمان بەگشتی، هەوكردنە جۆراوجۆرەكان بە ڤایرۆس، كاركردن لە دەورووبەرێكی گەرم و بەركەوتن بە تیشكی خۆر بۆ ماوەیەكی زۆر، خۆربردن، بەكارهێنانی دەرمانە هۆشبەرەكان.