چۆنیەتی نەهێشتنی بالووكە

چۆنیەتی نەهێشتنی بالووكە
بالووكە Warts نەخۆشییەكی ڤایرۆسی گوازراوەی پێستە، شوێنی بچووك دەگرێتەوە، زۆر جار پاش ماوەیەك لەخۆیەوە نامێنێت كە لەوانەیە چەند ساڵێك درێژە بكێشێت. گەلێك رێگەی كاریگەر هەیە بۆ لابردنی بالووكە بەڵام لە ماوەی چەند هەفتەیەك تا چەند مانگێكدا. ئامانج لە چارەسەركردن بریتییە لە لابردنی بالووكە بێ هیچ زیان و ئاسەوارێك لە پێستی دەوروبەریدا لەگەڵ رێگرتن لە دووبارە گەشەكردنەوەی بالووكە. ئێستا 4 رێگە هەیە بۆ لابردنی بالووكە، بۆ نموونە لەزگە، گیراوەی تایبەت، فریزكردن بە نایترۆجینی شل، سركەی سێو. بە بەكارهێنانی كرێم، یان گیراوەی ترشی سلیسیلیك Salicylic acid زێتر لە 60%ی بالووكە لە ماوەی 12 هەفتەدا نامێنن. بەكارهێنانی نایترۆجین شل Cryotherapy بە شێوەی سپرای راستەوخۆ لەسەر بالوكە بە مەبەستی فریزكردنی ئەو شوێنەی پێست، ئەمە تەنیا 5- 15 خولەك دەخایەنێت و شوێنەكە دەبێتە بڵۆق كە بۆ ماوەی 7 - 10 رۆژ دەمێنێتەوە. لەزگەی تایبەت Duct tape بۆ لابردنی بالووكە لە ماوەی هەفتەیەكدا ئەنجامی دەبێت، ئەگینا پێویستە كە پاش 2 مانگ دووبارە لەزگە بەكاربهێنرێتەوە. بەكارهێنانی سركەی سێو لە ماڵەوە، پێویستە كە بالووكە بۆ ماوەی 20 خولەك لەناو سركەدا بهێڵرێتەوە، پاشان شوێنەكە بە بەردی زبر كەمێك بە توندی بماڵرێت.
Top