ئازاری گوێ پاش مەلەكردن، باوترین گرفتی گوێیە كە لەوانەیە كە لەكاتی مەلە و یارییەكانی ناو ئاودا كەناڵی دەرەوەی گوێ دووچاری هەوكردن Otitis externa بێت. ئەم گرفتە بە شێوەی هەوكردنی تیژ یان درێژخایەن بەدی دەكرێت. هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ زیاد بەركەوتنی گوێیەكان بە ئاو لەگەڵ زیاد پاككردنەوەی كەناڵی گوێ. نیشانەكانی هەوكردنی كەناڵی دەرەوەی گوێ ئەمانەن: هەستكردن بە گرانی یان پڕبوونی گوێ كە بە یەكەم نیشانەی هەوكردنی كەناڵی دەرەوەی گوێ دادەنرێت، لەوانەشە كە خورشتی لەگەڵدا بێت، پاشان لەوانەیە كە كەناڵی گوێ بئاوسێت و دەردراو پەیدا بێت، لێرەدا نارەحەتی و ئازاری گوێ دەستپێدەكات بەتایبەتی لەكاتی جووڵاندنی بەشی دەرەوەی گوێ. لەوانەیە كە كەناڵی گوێ زیاد بئاوسێت و بگیرێت، ئەمەش دەبێتە هۆی ئاوسانی لایەكی دەموچار. لە كۆتاییدا، لەوانەیە كە لیمفە گرێیەكانی ناوچەی مل گەورەبن یان بئاوسێن كە دەبێتە هۆی ئازار لەكاتی كردنەوەی دەم و جووینی خۆراكدا، لەوانەشە تووشبوو بە شێوەیەكی كاتی دووچاری گرانبوون یان گرفت لە بیستن بێت. چارەسەركردن بریتییە لە بەكارهێنانی دڵۆپی گوێ كە دەرمانی دژە ژی واتە ئەنتی بایۆتیك Antibioitic لەخۆبگرێت بۆ لەناوبردنی بەكتریا، هەندێك جاریش پێویست بە دەرمانی دژەژەی بە شێوەی حەب یان كەپسول دەكات، هەروەها دەرمانی دژەئازار و دژەخورشت، لەوانەشە لە حاڵەتی سەختتدا پاككردنەوەی گوێ بە ئامێری تایبەت لە لایەن دكتۆر ئەنجام بدرێت.