تیشكی خۆر چۆن زیان بە چاو دەگەیەنێت؟

تیشكی خۆر چۆن زیان بە چاو دەگەیەنێت؟
ئەگەر چی پێڵوو چاوەكان دەپارێزن، بەڵام پێستیان تەنك و ناسكە كە بە ئاسانی دەكەونە ژێر كاریگەرییە خراپەكانی تیشكی سەرووی وەنەوشەیی. چینی كۆرنیا و هاوێنەی چاو تا رادەیەك وەكو فلتەرن بۆ تیشكی سەرووی وەنەوشەیی، بەڵام ئەم توانایەش پاش چەند ساڵێك لاواز دەبێت. هاوێنەی چاو بە تێپەڕبوونی كات لەگەڵ هەڵمژینی ئەم تیشكە رەنگی زەرد دەبێت و كەمێك لێڵ دەبێت. تیشكی سەرووی وەنەوشەیی هۆكارێكی بەهێزە بۆ ئەم نەخۆشییانەی چاو: شێرپەنجەی پێڵوو بەتایبەتی پێڵووی خوارەوە كە ئەگەری بڵاوبوونەوە بۆ چاو و شانەكانی دەوروبەری لێدەكرێت، شێرپەنجەی چینی لكاوەی چاو Conjuctiva، تیشكی سەرووی وەنەوشەیی هۆكارە بۆ 10%ی حاڵەتەكانی ئاوی سپی Cataract كە بریتییە لە بەرە بەرە لێڵبوون و زەرد هەڵگەڕانی هاوێنەی چاو، هەوكردنی چینی كۆڕنیای چاو Keratitis یان سووتانی بە تیشكی خۆر Corneal sunburn، تێكچوونی بەشی ناوەڕاستی چینی تۆڕەی چاو Macular degeneration كە گرنگترین شوێنی تۆڕەی چاوە بۆ دروستبوون و گواستنەوەی وێنەكان بۆ مێشك، ئەمەش دەبێتە هۆی لەدەستدانی توانای بینین. لە لێكۆڵینەوەكاندا هاتووە كە تیشكی سەرووی وەنەوشەیی و تیشكی بینراوی وزە بەرز HEV هۆكاری بەهێزن بۆ تێكچوونی ناوەڕاستی چینی تۆڕەی چاو. تیشكی بینراوی وزە بەرز واتە رووناكی فریكوانسی بەرز كە لە نێوان رەنگی شین و وەنەوشەییدا و لەرەلەریان لە نێوان 400- 500 نانۆمایكرۆندایە لە شەبەنگی بینراودا.
Top