وشكبوونی پێستی دەوری دەم، جگە لە ناڕەحەتی و سووتانەوە، كاریگەریی نێگەتیڤ دەكاتە سەر جوانیی ئافرەت. گەلێك جار لەگەڵ وشكبوونی پێستی دەوری دەمدا نیشانەی تر بەدی دەكرێن وەكو تفر، قڵیشان، زبربوونی پێست، خورشت، لەوانەشە كە سووربوونەوە و هەوكردن لەگەڵ خوێنبەربوونێكی كەم بەدی بكرێت. ئەگەرچی هەر كەسێك لەوانەیە كە دوچاری وشكبوونی پێستی دەوری دەم بێت، بەڵام چەند هۆكارێك لە هەندێك كەسدا هاندەرن، بۆ نموونە خوی تەڕكردنی لێو و دەوری دەم بە لیك Licking، هەستەوەری پێست لەبەر بەركەوتن بە ماددەی كیمیایی بۆ نموونە فلۆریاید، قوڕقوشم، پاككەرەوەكان، بۆن، كۆڵۆنیا، ئاوێتەكانی جوانكاری..تاد، هەوكردنی گۆشەكانی دەم Chelitis، بەساڵاچوون كە هۆكارێكی سروشتییە بۆ وشكبوونی پێست بەگشتی، گۆڕانی كەش بە شێوەی وشكبوونی هەوا، كەمی رێژەی شێداری هەوا، با، سەرما،كە دەبنە ئەگەری كەمبوونەوەی دەردانی چەوری لە چەورییەگلاندەكانی پێست و وشكبوونی. چارەسەكردنی هۆكارەكان و بەكارهێنانی ڤیتامین A یان ڤیتامین E بە شێوەی مەرهەم یان زەیت سوودی زۆریان هەیە.