ئایا دەتەوێت كە بەردەوام لێوەكانت سوور بن بەبێ بەكارهێنانی سووراوی لێو، ئایا حەز دەكەیت كە بەردەوام برۆكانت رەش و كەوانەیی بن؟ ماكیاژی هەمیشەیی ئەو بەڵێنەت پێدەدات، بەڵام پێویستە كە بەر لە بڕیاردان بە هەموو لایەنەكان و زیانەكانی ئاشنا بیت. ماكیاژی هەمیشەیی Permanent makeup كە بە تاتووی جوانكاری Cosmetic tattoo ناسراوە، بریتییە لە تاتوو لە شوێن ئاوێتەكانی جوانكاری وەكو سووراوی لێو، هێڵی دەوری چاو Eyeliner. وەكو تاتووی ئاسایی، تاتووی جوانكاری یان ماكیاژی هەمیشەیی بە بەكارهێنانی بۆیەی تایبەت بە هۆی دەرزی ورد دەخرێتە چینی قووڵی پێستەوە Dermis. ماكیاژی هەمیشەیی لەوانەیە كە لە هەندێك كەسدا گرفتی گەورەی تەندروستی لێبكەوێتەوە بەتایبەتی لەو كەسانەی كە هەستەوەرییان هەیە. گەلێك ئافرەت ماكیاژی هەمیشەیی هەڵدەبژێرن لەبەر نەبوونی كات یان هەوەس بۆ ماكیاژی رۆژانە و بەكارهێنانی ئاوێتەكانی جوانكاری یان لەبەر تەنكبوونی برۆ یان برژانگ. لەش وەكو ماددەیەكی بێگانە مامەڵە لەگەڵ بۆیەی تاتوودا دەكات، بۆیە وەكو كاردانەوە هەوكردنێكی درێژخایەن لە شوێنەكە پەیدا دەبێت، باوترین زیانە لابەلایەكانی تاتووی جوانكاری بریتین لە: ئازار لە شوێنی تاتوو، ئاوسان، سووربوونەوە، خورشت، هەروەها زیپكە یان گرێی سووری بچووك.