مەشقی هەڵگرتنی قورسایی Weightlifting گرنگیی زۆری بۆ تەندروستیی ئافرەت هەیە، چونكە ئافرەت لەگەڵ بەتەمەنداچووندا زیاتر لە پیاو رووبەڕووی گرفتەكانی ئێسك و جومگە دەبێتەوە. گەلێك ئافرەت دوودڵن لەوەی كە مەشقی هەڵگرتنی قورسایی ئەنجام بدەن، گوایە دەبێتە هۆی گەورەبوون، یان ئەستووربوونی قۆڵ و باسك و لەدەستدانی جوانیی لەش، بەڵام لە راستیدا بە هەموو هەڵسەنگاندنێكی تەندروستی سوودەكانی گرنگترن. ماسوولكەكان بەرپرسن لە میتابۆلیزمی لەش، هەر چەند بارستایی ماسوولكە زیاتر بێت هێندە ئاستی میتابۆلیزم و ئاستی وزەی لەش بەزردەبێتەوە. لەشی ئافرەت وەكو لەشی پیاو ئاستی بەرزی هۆرمۆنە بنیاتنەرەوەكان Anabolic لەخۆناگرێت كە رۆڵی سەرەكییان هەیە لە قەبەبوون و گەورەبوونی ماسوولكەكاندا. بالانسی لەش بە شێوەیەكی سەرەكی بەندە بە تۆن و هێزی ماسوولكە سەرەكییەكانەوە كە لە مەشقی هەڵگرتنی قورساییدا بەشدارن، هەر چەند هێز و تۆنی ماسوولكەكانت باشتر بێت هێندە سەپۆرتی جومگەكان باشتر دەبێت. مەشقی بنەڕەتی ماسوولكەكان كلیلە بۆ توانای بالانسی لەش و بەهێزبوونی جومگەكان و رێگرتن لە كەوتن و كەمكردنەوەی سترێس لەسەر جومگەكانی ئەژنۆ. لێكۆڵینەوەكان جەخت لەوە دەكەنەوە كە مەشقی هەڵگرتنی قورسایی هاوشێوەی مەشقی هەوایی Aerobic سوودی هەیە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی پەستانی خوێن و دابەزاندنی ئاستی كۆلیستیرۆلی خوێن، هەروەها باشتركردنی لیاقە، باشتركردنی مەزاج، سووككردنی پەستی، كەمكردنەوەی كێشی لەش، كەمكردنەوەی رێژەی چەوریی ورگ Belly fat، هەستكردن بە باشبوونی تەندروستی بەگشتی.