شۆربای نیسك Soup Lentils سەرەڕای ئەوەی كە خۆراكێكی سووكە و خێرا ئامادە دەكرێت و هەرسكرنی ئاسانە، سوودی تەندروستی زۆر لەخۆدەگرێت بۆیە بە سوپەرخۆراك ناسراوە. دەتوانرێ كە شۆربای نیسك لەگەڵ زۆر جۆری خۆراكدا تێكەڵ بكرێت و چێژیان خۆشتر بكات. لە رووی بەهای خۆراكییەوە شۆربای نیسكی زەرد یان شۆربای نیسكی سەوز هیچ جیاوازییەكیان نییە. شۆربای نیسك، سەرچاوەیەكی باشە بۆ ریشاڵ Fiber كە ئاستی كۆلیستیرۆل دادەبەزێنێت و قۆڵۆن لە گرژبوون دەپارێزێت. جگە لەمانە، شۆربای نیسك ئاستی شەكری خوێن رێكدەخات. شۆربای نیسك چەندین كانزای گرنگی تێدایە لەگەڵ دوو جۆری ڤیتامین B و رێژەیەكی باشی پرۆتین و هیچ چەوریشی تێدانییە ئەگەر چەوری تێنەكرێت، هەروەها رۆڵێكی بەرچاوی هەیە بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشی دڵ بەوەی كە كانزای مەگنسیۆم و فۆلێت لەخۆدەگرێت كە ئەم رۆڵە گرنگەیان هەیە. شۆربای نیسك، جگە لە سوودەكانی بۆ كۆئەندامی هەرس و دڵ، وزەیەكی بەرە بەرە دابین دەكات بەوەی كە كاربۆهیدراتی ئاڵۆزی تێدایە و شەكری خوێن رێكدەخات هەتا لە تووشبووان بە نەخۆشی شەكرەشدا. خواردنی شۆربای نیسك بڕێكی باش لە كانزای ئاسن بۆ لەش دابین دەكات بۆیە گونجاوە بۆ چارەسەركردن و خۆپاراستن لە كەمخوێنی. ئەمەش هەرگیز لە بیر مەكە كە ئافرەتی دووگیان، ئافرەتی شیردەر، منداڵ و هەرزەكاران رۆژانە زیاتر لە خەڵكانی تر پێویستییان بە كانزای ئاسنەوە هەیە. ئاسن لە سەرچاوەی رووەكی وەكو نیسك جیاوازی نییە لەو ئاسنەی كە لە خۆراكی ئاژەڵییەوە وەردەگیرێت.