بە پێی لێكۆڵینەوەكان، ئەو ئافرەتانەی كە لە تەمەنی گەنجیدا جگەرە دەكێشن دوچاری ئازاری توند و درێژخایەن دەبنەوە لە رۆژەكانی سووڕی مانگانەدا، هۆكاری ئەمەش لەوانەیە بگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە جگەرەكێشان كاریگەری دەكاتە سەر هاوسەنگی ئەو هۆڕمۆنانەی كە بەرپرسن لە سووڕی مانگانە. ئازارەكانی سووڕی مانگانە Menstrual cramps لە بەشی خوارەوەی سك هەر لە سەرەتای دەستپێكی خولی مانگانەدا سەرهەڵدەدەن و بۆ ماوەی 2-3 رۆژ بەردەوام دەبن. جگە لە سەختتربوونی ئازار و ناڕحەتی سووڕی مانگانە، لەوانەیە كە گەلێك نیشانەی تر هاوكات سەرهەڵبدەن وەكو سكچوون، رشانەوە، سەرئێشە. ئەو هۆكارانەی كە ئەگەری ئازارەكانی سووڕی مانگانە زیاتر دەكەن بریتین لە: كێشی زیاد و قەڵەوی، بینینی سووڕی مانگانە بۆ یەكەم جار لە تەمەنێكی زوو بۆ نموونە بچووكتر لە 11ساڵ، ئەگەر سووڕەكە بۆ 5 رۆژ، یان زیاتر درێژە بكێشێت. كچانی شووكردوو كە هیچ دووگیان نەبووبن، گرێی ریشاڵی لە منداڵداندا Fibroid، دووگیانی لە دەرەوەی منداڵداندا Ectopic pregnancy، بەكارهێنانی لەولەب IUD، كیسی هێلكەدان.