ئایا زیاد دانیشتن قەڵەوت دەكات، یان قەڵەوی هۆكارە بۆ زیاد دانیشتن؟

ئایا زیاد دانیشتن قەڵەوت دەكات، یان قەڵەوی هۆكارە بۆ زیاد دانیشتن؟
گەلێك كەس پێیانوایە كە دانیشتن هەستی برسیبوون بەلاوە دەنێت، بەڵام لە لێكۆڵینەوەكاندا هاتووە كە زیاد دانیشتن هانی زیادبوونی ئارەزووی خواردن دەدات، بۆیە ئەگەری زیادبوونی كێشی لەش دێتە پێشەوە. كەسانی قەڵەو بەگشتی خاوەن لیاقەیەكی نزمن، زوو ماندوو دەبن، زوو پشوو دەدەن، ماوەی پشوودانیان زیاترە لە ماوەی جوولەیان، هەروەها زیاتر لە كەسانی تر دادەنیشن. لە نوێترین لێكۆڵینەوەكاندا هاتووە كە زیاد دانیشتن بۆ ئەو كەسانەش زیانبەخشە كە بە بەردەوامی مەشقی وەرزشی ئەنجام دەدەن، بۆ نموونە مەشقی وەرزشی راكردنی رۆژانە بۆ ماوەی 60 خولەك هەرگیز قەرەبووی زیانەكانی دانیشتن بۆ ماوەی چەند كاتژمێرێك ناكاتەوە. لەكاتی دانیشتن بۆ ماوەیەكی زۆر، ماسوڵكەكان كەمتر چەوری دەسووتێنن، هەروەها جووڵەی خوێن سست دەبێت، ئەمانە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی دڵ و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و گرفتی تەندروستیی تر زیاد دەكەن. ئەمەش راستییەكی زانستییە كە زیاد دانیشتن پێوەندی بەهێزی هەیە بە زیادبوونی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی شەكرە، بەرزبوونەوەی ئاستی كۆلیستیرۆلی خوێن، گەورەبوونی ورگ، هەروەها زیادبوونی كێشی لەش و قەڵەوی كە ئەمەش بە دەوری خۆی ئەگەری كۆمەڵێك ئاڵۆزی تەندروستی لێدەكەوێتەوە كە شێرپەنجەش دەگرێتەوە بەتایبەتی شێرپەنجەی مەمك لە ئافرەتدا. لە هەردوو حاڵەتدا، زیاد دانیشتن زیان بە تەندروستی دەگەیەنێت، دەگوترێت كە تەندروستیی قەڵەوێكی ئاكتیڤ باشترە لە تەندروستیی كەسێكی قەڵەوی تەمبەڵ.
Top