پاش تەمەنی 30 ساڵی ئەگەری گرفتەكانی پەیوەست بە توانای دووگیانبوون زیاد دەكات، بەڵام هێشتا گەلێك ئافرەت بە بێ هیچ گرفتێك دووگیان دەبن، بەڵام كە تەمەنی ئافرەت دەگاتە 35 و بە سەرەوە، ئەوسا مەسەلەكە دەگۆڕێت. بۆیە پێویستە ئافرەت تەنیا بە رێنمایی پزیشك بڕیار لەسەر دووگیانی و بوون بە خاوەن منداڵێكی تر بدات. پاش 35 ساڵی تەمەن، گرفتە تەندروستییەكانی پەیوەست بە دووگیانی و منداڵبوون زیاد دەبن بۆ نموونە، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، خوێنبەربوون لەكاتی دووگیانیدا، لەبارچوون، نەخۆشی شەكرەی پەیوەست بە دووگیانی، دیاردەی داون Downs syndrome یان نەخۆشی مۆنگۆلیزم Mongolismو سەقەتی زگماكی لە كۆرپەدا. تا تەمەنی ئافرەت گەورتربێت، هێندە ئەگەری دووگیانبوون كەم دەبێتەوە، لەكاتی دووگیانیش ئەگەری ئاڵۆزییەكان زۆر بەرز دەبێتەوە. بەهەرحاڵ، ئەگەر ئافرەتێك بڕیار بدات كە پاش 35 ساڵی دووگیان بێت، ئەوا پێویستە كە بە وردی چاودێری تەندروستی خۆی بكات، پێویستە كە پێش دووگیانبوون ئامادەباشی جەستەیی و دەروونی هەبێت، ئەمەش بە ئاگاداری دكتۆر دەبێت بۆ چارەسەركردنی پێشوەختی هەر گرفتێكی تەندروستی لە كەمخوێنی و دروستیی كۆئەندامی زاوزێ و هەوكردنەكان، لەكاتی دووگیانبوونیشدا پێویست بە چاودێریی نزیك و بەردەوامی پزیشك دەكات بۆ رێگرتن لە هەر ئاڵۆزییەك بۆ ئافرەت و كۆرپەكەی، پێویستە كە منداڵبوونیش تەنیا لە نەخۆشخانە بێت.