وشكبوونی پێست هانی زوو دەركەوتن و بەرجەستەبوونی لۆچبوونی پێست دەدات، لەگەڵ قڵیشان و ناسكبوونی پێست و خورشت. دەتوانیت لە هەر تەمەنێكدا بە پەیڕەوكردنی ئەم هەنگاوانە پێست لە وشكبوون بپارێزیت و تا رادەیەك لۆچبوونی پێست دوابخەیت: لەكاتی وەرگرتنی دوش دەرگای گەرماو داخە، تەنیا بۆ ماوەی 5- 10 خولەك لە گەرماودا بمێنەوە، ئاوی زۆر گەرم بەكارمەهێنە، سابوونی سووك بەكاربێنە، پێست بە خاولییەكی نەرم وشك كەرەوە، ئاوێتەی شێداركەرەوەی پێست Moisturizer پێویستە كە راستەوخۆ پاش خۆوشككردنەوە بەكاربهێندرێت، دووركەوە لە بەكارهێنانی سابوونی بەهێزی لابردنی بۆن، لەگەڵ ئەو ئاوێتانەی كە ئەلكهول لەخۆدەگرن بە مەبەستی هێشتنەوەی چەوریی سروشتیی پێست، بەكارهێنانی دەستكێش هەنگاوێكی ترە بۆ رێگرتن لە وشكبوونی پیستی دەستەكان لەكاتی چوونە دەرەوە لە كەشی سارد و لەكاتی مامەڵەكردن لەگەڵ پاككەرەوەی بەهێز، یان هەر ماددەی كیمیایی تردا، جلی لۆكەیی، یان ئاوریشمی بەتایبەتی جلی ژێرەوە وەكو فانیلە و مایۆ لە ژێر جلی زبردا وەكو جلی خوری لەبەر بكە، پاككەرەوەی سووكی جل detergent Laundry بەكاربێنە كە نابێتە ئەگەری هەستەوەری، یان سووتانەوەی پێست پاش پۆشینی جلە شووراوەكان، ئامێری شێداركەرەوەی Humidifier هەوای ناوماڵ بەكاربێنە. ئەگەر بەم هەنگاوانە هێشتا پێستت بە وشكی مایەوە، پێویست بە بەكارهێنانی كرێمی تایبەت بە رێنمایی دكتۆر دەكات.