لە وەرزی زستان لەكاتی باراندا هەرگیز چەترەكەت لە بیر ناكەیت، بەڵام ئایا بیرت لەوە كردۆتەوە كە لە هاوینیشدا بەكاری بهێنیت، ئایا گرنگییەكەی بۆ پاراستنی پێست لە تیشكی هەتاوی بەهێز دەزانیت؟ لە راستیدا بەكارهێنانی چەتر لە هاویندا بەقەد بەكارهێنانی دژەهەتاو سوودبەخشە، چەتر تا رادەیەكی باش پێست لە تیشكی سەرووی وەنەوشەیی دەپارێزێت، بە هۆی بەكارهێنانی چەتر فاكتەری پاراستن لە خۆر SPF لە نێوان 3- 106 دایە، هەروەها فاكتەری پاراستن لە تیشكی سەرووی وەنەوشەیی UPF دەگاتە نزیكەی 50 بە گوێرەی جۆری قوماشی چەتر. فاكتەری پاراستن لە تیشكی سەرووی وەنەوشەیی لەگەڵ جۆری قوماشدا دیار دەكرێت، بۆ نموونە ئەگەر ئەم فاكتەرەی كراسێك 30 بێت، واتە بە پۆشینی ئەم كراسە تەنیا 1/30 تیشكی سەرووی وەنەوشەیی تیشكی خۆر دەگاتە پێست. رێژەی تیشكی وەنەوشەیی لە ژێر چەتردا دەگاتە 84%ی تیشكی سەرووی وەنەوشەییی ناڕاستەوخۆی تیشكی خۆر. چەترێك لەسەر زیخی كەنار دەریا بەشێكی كەمی تیشكی سەرووی وەنەوەشەیی دەگێڕێتەوە، چونكە رێژەیەكی زۆری تیشكی سەرووی وەنەوشەیی لە ئەنجامی دانەوەی تیشك لەسەر رووی زیخ و ئاو و ئاسمان دەگاتە ژێر چەترەكە. چەتری رەش تا رێژەی 90% تیشكی خۆر هەڵدەمژێت، لەگەڵ ئەمەشدا چەتر بە تەنیا بەبێ بەكارهێنانی ئاوێتەیەكی دژەهەتاو هەرگیز پاراستنی 100% ی پێست لە تیشكی سەرووی وەنەوشەیی دابین ناكات. هەر چەند قەبارەی چەتر گەورەتر بێت و جۆری قوماشەكەی تایبەت بێت، هێندە زیاتر لە تیشكی خۆر و تیشكی سەرووی وەنەوشەیی دەتپارێزێت.