زیپكەی گەنجێتی Acne Vulgaris باوترین نەخۆشی پێستە، هەوكردنێكی درێژخایەنی گلاندە چەورییەكانی پێستە، لەگەڵ باڵغبووندا سەرهەڵدەدات، لەبەر هۆكاری نادیار تووشی هەندێك گەنج نابێت، هۆرمۆنەكان بەرپرسن لە پەیدابوونی زیپكەی گەنجێتی. تا ئێستا چارەسەرێكی یەكجارەكی بۆ زیپكەی گەنجێتی لەبەردەستدا نییە، تەنیا تەمەن كەفیلە بە چاكبوونەوەی زیپكە كە بە تێكڕایی لە تەمەنی 25 ساڵیدا زیپكەكان لەخۆیانەوە چاكدەبنەوە. ئامانجی چارەسەری پزیشكی لە لایەن دكتۆری پێست تەنیا ئەوەیە كە زیپكەكان گەورەتر نەبن و پاش چاكبوونەوەیان هیچ ئاسەوارێك جێ نەهێڵن. بۆ مامەڵەی تەواو و زانستییانە لەگەڵ زیپكەی گەنجێتیدا و بۆ رێگرتن لە پەیدابوونی ئاسەوار، پەیڕەوی ئەم رێنماییە گشتییانە بكە: شووشتنی دەموچاو رۆژانە 3- 4 جار بە ئاوی شلەتێن و سابوون، هەرگیز دەستكاری زیپكەكان مەكە بە گوشین و فشاردان چونكە بەكتریا بۆ خانەكانی نزیك زیپكەكان تەشەنە دەكات و زیپكە گەورەتر دەبێت و درەنگتر چاكدەبێتەوە، هیچ دەرمان یان ئاوێتەیەك بۆ زیپكەكان بە بێ رێنمایی دكتۆر بەكارمەهێنە، تا ئێستا دەرمانێك نییە بۆ چارەسەری یەكجارەكی زیپكە، خۆراكی چەور و شیرینی كەم بكەوە و زیاتر سەوزە و میوە بخۆ، تا بكرێ ئارایشت و ئاوێتەكانی جوانكاری بە كەمی بەكاربێنە، خۆت لە تیشكی خۆر بپارێزە بەتایبەتی لە مانگەكانی هاویندا هەوڵ بدە لە كاتژمێر 10ی بەیانی تا كاتژمێر 4 ی پاش نیوەڕۆ خۆت لە تیشكی خۆری راستەوخۆ و ناراستەوخۆ بپارێزیت.