لەو كاتەی كە هەموو لەشی خۆت بە جوانی شۆریوە، جلەكانی ژێرەوەت گۆڕیوە، ئەی باشە بۆچی هێشتا هەر بۆنێكی ناخۆش لە بەدەنت دێت؟ هەموو بەشەكانی لەش بۆنی جیاوازیان هەیە، هەندێك جار بۆنەكە هێندە دیار و بەرجەستەیە كە یەكسەر و بە ئاسانی دەتوانیت سەرچاوەكەی لە جەستەتدا دیاربكەیت. بۆ نموونە بۆنی پێستی سەر و بن كەوشەكان و بۆنی پێیەكان بە ئاسانی دەناسرێنەوە. خودی ئارەقە بە تەنیا هیچ بۆنێكی نییە، بەڵام بەكتریا كە لەسەر پێستدا دەژی بە شیكردنەوەی ئارەقە بۆ ترش و چەوری بۆنێكی ناخۆش پەیدا دەكات. بۆنی ئارەقە چەندی بڵێی تیژ و ناخۆش و قێزەوەنە، گرفتەكە زیاتر لە كەشی شێداردا بەرجەستە دەبێت كە رێژەی ئارەقەكردن و چالاكیی بەكتریا زیاتر دەبن. بۆنی ئارەقە و بۆنی ناخۆشی لەش Body odor یەكێكە لە هۆكارە گەورەكانی ناڕەحەتی كۆمەڵایەتی. رێنماییەكان: رۆژانە بە ئاو و سابوون بن كەوش و ناوگەڵ و پێیەكانت بشۆ بۆ راماڵینی بەكتریا، تاشینی بن كەوشەكان، یان بەكارهێنانی كرێمی موولابەر سوودی زۆری هەیە، ئەو كەسانەی كە زۆر ئارەقە دەكەن، پتر لە خەڵكانی تر پێویستییان بە شووشتنی هەموو لەشیان هەیە واتە رۆژانە بۆ دوو، یان سێ جار دەبێت خۆیان بشۆن. هەروەها بەكارهێنانی مادەی دژەئارەقە Antiperspirant و بۆن لابەر Deodorants بە رێنمایی دكتۆر پێویستن. زوو زوو جلەكانت بە ئاوی گەرم و پاككەرەوەی بەهێز بشۆ، جلی دوێنێ لەبەرمەكە كە بۆنی ئارەقەی دوێنێیان هەڵگرتووە، جلی تەسك لەبەر مەكە، با قوماشەكەی لۆكەیی بێت، دووركەوە لە شوێنی قەرەباڵغ و داخراو، هەفتانە یەك یان دوو جار بە سابوونی دژەبەكتریا Antibacterial Soap خۆت بشۆ، رۆژانە بڕێكی باش ئاو بخۆرەوە، سەوزە و میوە زیاد بخۆ.