سێ جۆرەكەی كۆلیستیرۆل

سێ جۆرەكەی كۆلیستیرۆل
كۆلیستیرۆل Cholesterol بە تەنیا یان سەربەست لە خوێندا ناسووڕێتەوە، بەڵكو بە پرۆتینەوە لكاوە كە پێی دەووترێت چەورەپرۆتین Lipoprotein. كۆلیستیرۆلی گشتی واتە كۆی 3 جۆرەكەی كۆلیستیرۆلی خوێن. كۆلیستیرۆل لە خوێندا بە 3 جۆری چەورەپرۆتین لكاوە، چەورەپرۆتینی چڕی بەرز HDL، چەورەپرۆتینی چڕی كەم LDL، چەورەپرۆتینی چڕی زۆر كەم VLDL. چەورەپرۆتینی چڕی بەرز HDL كە بەكۆلیستیرۆلی باش ناسراوە، هاندەرە بۆ لابردن یان كەمكردنەوەی كۆلیستیرۆلی خراپ لە خوێندا، ئاستی بەرزی كۆلیسیترۆلی باش لە خوێندا ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی دڵ كەم دەكاتەوە، هەرچەند ئاستەكەی دابەزێت مەترسی نەخۆشی دڵ بەرزدەبێتەوە. كۆلیستیرۆلی خراپ یان چەورەپرۆتینی چڕی كەم LDL كە بە كرداری ئۆكسان چینێك لەسەر ناوپۆشی خوێنبەردا پەیدا دەكات، واتە رەقبوونی خوێنبەر كە هۆكارە بۆ نەخۆشی دڵ و جەڵتەی مێشك. چەورەپرۆتینی چڕی زۆر كەم VLDL كە بەشێكە لە كۆلیستیرۆلی خراپ و زۆربەی لە چەوری پێكهاتووە لەگەڵ بڕێكی كەمی پرۆتین و هەڵگرە بۆ چەوری گلیسریدە سیانییەكان، بەڵام لە پزیشكیدا زیاتر پێوانەی كۆلیستیرۆلی خراپ LDL گرنگی هەیە.
Top