بەكارهێنانی لێزەر بۆ جوانكاری و چارەسەركردنی نەخۆشییەكانی پێست زۆر كۆن نییە، مێژووەكەی بۆ 40 ساڵ دەگەڕێتەوە، ئێستا بە شێوەیەكی بەربڵاو بەكاردێت و پێشكەوتنی زۆری بەخۆیەوە بینیوە. لێزەر چەند جۆرێكی هەیە بە گوێرەی سەرچاوەی رووناكییەكە و درێژی و بەرزیی شەپۆڵ و فریكوانسی و خێرایی كە دەگاتە 186000 میل لە چركەیەكدا، بۆ نموونە لێزەری ئارگۆن Argon، لێزەری دووەم ئۆكسیدی كاربۆن CO2، KTP، APTD، PDL، YAG..تاد. لێزەر بۆ ئەم حاڵەتانەی پێست سوودی هەیە: لابردنی خاڵ Naevi، لابردنی تاتوو، ئاسەواری گورجبوونی پێستی سك Birthmarks لە ئەنجامی منداڵبوون، لابردنی مووی نەخوازراو بە شێوەیەكی هەمیشەیی بۆ نموونە موودەردان Hirsutism، لێرەدا كۆرسی چارەسەركردن 3- 6 مانگ دەخایەنێت، هەروەها چرچبوونی پێست، ئاسەوارەكانی زیپكە، كاریگەرییەكانی تیشكی خۆر لەسەر پێستدا، زێدەگۆشت پاش چاكبوونەوە Keloid و رۆخی زیاد و چاڵی پێست. هەندێك كەس پێیان وایە كە زیاد چارەسەركردن بە لێزەر دەبێتە هۆی شێرپەنجە، بەڵام لێزەر تەنیا رووناكییە و بەگشتی پاش چارەسەركردن چەند زیانێكی لابەلای هەیە وەكو: ئازارێكی كاتی، سووربوونەوەی پێست، تێزانی خوێن Bruising، پەیدابوونی بڵۆق یان قەتماخ، هەوكردنی پێست، سەرهەڵدانی تامیسكە. ماوەی سەردانەكان یان كۆرسی چارەسەركردن بە پێی حاڵەتەكان دەگۆڕێت، بەگشتی تا بەدەستێنانی مەبەست یان ئەنجامی كۆتایی چارەسەركردن بەردەوام دەبێت.