چۆن خۆت لە ئەنفلوەنزای باڵندە دەپارێزیت؟

چۆن خۆت لە ئەنفلوەنزای باڵندە دەپارێزیت؟
هەوكردن بە ڤایرۆسی H5N1 كە بە ئەنفلوەنزای باڵندە Avian flu ناسراوە، زۆر بە خێرایی لەنێو پەلەوەڕدا دەگوازرێتەوە و زوو نەخۆشیان دەكات و لەناویان دەبات. زۆربەی مرۆڤە تووشبووەكان لە ئەنجامی بەركەوتنی نزیك لەگەڵ پەلەوەڕی زیندوو، یان مرداری تووشبوودا ڤایرۆسەكەیان بۆ گوازراوەتەوە. پاش تووشبوون ئەگەری مردن دەگاتە نزیكەی 60%، ئەم ڤایرۆسە لە مرۆڤی تووشبوو بۆ یەكێكی دی ناگوازرێتەوە. مرۆڤ هەرگیز لە رێگەی مامەڵەی دروست لەگەڵ هێلكە و گۆشتی كوڵاو، یان برژاو و خواردنیان تووشی ڤایرۆسەكە نابێت. نیشانەكان: بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی لەش، كۆكە، هەناسەتەنگی و قورسبوونی هەناسەوەرگرتن، سەرئێشە، سك ئێشە، سكچوون. ئاڵۆزییەكان: هەوكردنی شانەی سییەكان، هێدمە، پەركەم، لەكاركەوتنی كۆئەندامی هەناسە و گورچیلەكان، لە كۆتاییشدا مردن. باشترین رێگەی خۆپاراستن بریتییە لە دووركەوتنەوە لە پەلەوەڕی نەخۆش و مردار، بۆ نموونە دووركەوتنەوە لە سەردانی بازاڕی پەلەوەڕی زیندوو كە لەوانەیە دوچاری ڤایرۆسەكە بووبن، دووركەوتنەوە لەو كەسانەی كە گومانی تووشبوونیان بە ڤایرۆسەكە لێدەكرێت، دەستەكانت باش بشۆ پێش و پاش مامەڵەكردن و ئامادەكردنی گۆشتی پەلەوەڕی خاو و هێلكە، چەقۆ و و تەختەقیمە و ئامێرەكانی تری بڕین یان پاككردنەوەی پەلەوەڕی خاو بە باشی بشۆ، كوڵاندن یان برژاندنی گۆشتی پەلەوەڕ بە لای كەم تا 80 پلەی سەدی یان بەرزتر. لەكاتی ئامادەكردنی هێلكەدا پێویستە كە بە باشی بشۆرێت پاشان هێندە گەرم بكرێت تا هەردوو سپێنە و زەردێنەكەی بمەیێن یان پتەو بن واتە هیچ بەشێكی بە خاوی نەمێنێتەوە. لەوانەیە كە لە ئاییندەیەكی نزیكدا ڤاكسین دژی ئەنفلوەنزای باڵندە بدۆزرێتەوە.
Top