چۆن هەوكردنی زێ بنبڕ دەبێت؟

چۆن هەوكردنی زێ بنبڕ دەبێت؟
هەوكردنی زێ هۆكاری جیاوازی هەیە، هەر جۆرێك چارەسەری تایبەتی خۆی هەیە، بۆ نموونە هەوكردنی بەكتریایی زێ Bacterial vaginosis، هەوكردنی زێ بە كەڕووی كاندیدا، هەوكردن بە مشەخۆری ترایكۆمۆناس Trichomoniasis، تەنكبوونی ناوپۆشی زێ یان پوكانەوەی زێ Vaginal atrophy، هەوكردنی نابەكتریایی زێ لەبەر سووتانەوە بە سابوون یان پاككەرەوەی تر، یان بە هۆی سانتی و جلی ژێرەوە. فاكتەرە هاندەرەكانی سەرهەڵدان و دووبارەبوونەوەی هەوكردنی زێ: گۆڕانی هۆرمۆنی لەكاتی دووگیانی یان وەستانی یەكجارەكیی سووڕی مانگانە یان بەكارهێنانی حەبی مەنع، بوونی هەوكردن لە پیاو كە بۆ هاوسەرەكەی دەگوازرێتەوە، زیاد بەكارهێنانی دەرمانی دژەمیكرۆب و ستیرۆیدەكان، نەخۆشیی شەكرەی كۆنترۆل نەكراو، بەكارهێنانی ئاوێتەی دژە ئارەقە و لابردنی بۆن بۆ زێ، دوشی زێ Vaginal douche، جلی تەسك كە ئەگەری شێداری زیاد دەكات، دانانی لەولەب. رێگەكانی خۆپاراستن: گرنگیدان بە پاكوخاوێنی ناوچەكە، دووركەوە لە دوش و بانیۆی زۆر گەرم، سابوونی سوك و ئاسایی بەكاربێنە، مەهێڵە كە هیچ ئاسەوارێكی سابوون لەسەر ناوچەی زاوزێدا بمێنێتەوە و شوێنەكە بەباشی وشك كەرەوە، لە پاش توالێت با ئاراستەی شووشتن و سڕینەوە بە دەست لە پێشەوە بۆ پاشەوە بێت نەك بە پێچەوانەوە، دووركەوە لە دوشی زێ چونكە هاوسەنگی بەكتریای ئاسایی زێ تێكدەدات و هەرگیز زێ لە هەوكردن پاك ناكاتەوە، بەكارهێنانی كۆندوم تا پاش چاكبوونەوە سوودبەخشە بۆ رێگرتن لە گواستنەوەی هەوكردن بۆ هاوسەر، جلی ژێرەوەی لۆكەیی بەكاربێنە.
Top